
502 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەڵەبجەیان کردووە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاشکرای دەکات زیاتر لە 502 هەزار گەشتیار و سەردانی دوانزەهەمین خولی فێستیڤاڵى هەناریان کردووە پارێزگاری هەڵەبجەش ئاشکرای دەکات نزیکەی دوو ملیار دینار داهاتی هەبووە.
چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند: زیاتر لە 502 هەزار گەشتیار و سەردانیكەر سەردانی فێستیڤاڵەکەیان كردووە، کە ئەمەش جووڵەیەکی بەرچاوی لە چالاکی ئابووری و بازرگانیی شارەکەدا دروستکردووە.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد: ئەم فێستیڤاڵە هاوکار بووە لە ڕەخساندنی هەزار و 800 دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان، هاوکات بەبڕی ملیارێک و 820 ملیۆن دینار هەنار و بەروبوومی كشتوكاڵی و كاری دەستی و خواردنی جۆراو جۆر لە فێستیڤاڵی هەنار فرۆشراوە.
هاوکات، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، ئاشکرای کرد: فرۆشی فێستیڤاڵەکە بریتی بووە لە یەک ملیار و820 ملیۆن دیناری عێراقی، کە ئەمەش داهاتێکی باشە بۆ شارەکە.

