
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤالی هەنار ڕێگری لە رووماڵی تیمی ڕاگەیاندنی ئاڤا میدیا دەکات و پەیامنێری کەناڵەکەش هۆکارەکەی بۆ توڕەبوونی پارێزگار لە داواکارییەک دەگێڕێتەوە.
رۆژی 30ی10ی2026، کاتژمێر 14:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، ڕێگری لە تیمی ڕاگەیاندنی “ئاڤا میدیا” کردووە و ڕێگەی پێنەداون رووماڵی ڕاستەوخۆ و ڕۆژنامەوانی بۆ چالاکییەکانی ڤێستیڤاڵەکە بکەن.
پەیوەست بە هۆکاری رێگرییەکە،ئاراس ڕەفیق، پەیامنێری ئاڤا میدیا لە هەڵەبجە بە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا ڕایگەیاند: هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕێگرییە دەگەڕێتەوە بۆ تووڕەیی پارێزگاری هەڵەبجە لە ئاڤا میدیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئاڤا وەڵامی داواکاریی ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و بەشداربووانی ڤێستیڤاڵەکەی دابووەوە، کە داوایان کردبوو ئاڤا میدیا ئامادەیی هەبێت بۆ رووماڵکردن تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە بەبازاڕکردن و پرفرۆشکردنی بەرهەمەکانیان.
دەشڵێت: دوای ئەوەی ئاڤا میدیا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری و رووماڵ دەربڕی، ئەم هەڵوێستە بووە هۆی نیگەرانی و تووڕەیی پارێزگار و لە ئەنجامدا ڕێگری لە تیمەکە کرا.
ئەم ڕێگرییە لە کاتێکدایە کە یاساکانی هەرێمی کوردستان مافی تەواویان داوە بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییە گشتییەکان، بەشێوەیەک یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕۆژنامەنوس ئازادە لە کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکان و بڵاوکردنەوەیان، هاوکات یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣)،ئەم یاسایەش بەڕوونی جەخت دەکاتەوە کە هەموو هاووڵاتییەک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن مافی دەستکەوتنی زانیارییان هەیە لە چالاکییە گشتییەکان و میهرەجانەکاندا، و دامودەزگا حکومییەکان بۆیان نییە ڕێگری لە گەیاندنی زانیاری و رووماڵی میدیایی بڕیار لێدراو بکەن.


