پەروەردەییزمانژنان و پەرەپێدانفەرهەنگ و کەلتوورهونەر و ڕۆشنبیریوتار و بابەت

تێگەیشتن لە دونیای منداڵ و چۆنیەتی فێربوونی زمان

منداڵ بە چاوی خۆی لە جیهان دەڕوانێت، نەک بە چاوی ئێمەی گەورە، کاتێک منداڵێک فێری زمان دەبێت، جیا له‌ وشه‌ لە ڕێگەی هەست، بیستن، بینین و جووڵەوە ماناکان وەردەگرێت، بۆ ئەوەی وانەی کوردی لای فێرخواز شیرین بێت، پێویستە مامۆستا ئەم چەند خاڵە سەرەکییە لەبەرچاو بگرێت:

فێربوون لە کەشێکی ئارامدا: منداڵ ئەگەر لە پۆلدا بترسێت یان شەم بکات، زمان لە دەمی دەبەسترێت، كاتێک هەست بە ئارامی و ڕێز دەکات، بە ئازادی دەست دەکات بە قسەکردن و دەربڕینی ڕاکانی.
جیاوازی لە نێوان فێرخوازاندا: هموو منداڵێک بە یەک شێواز فێر نابێت، یەکێکیان بە بیستنی چیرۆک زوو فێر دەبێت، یەکێکی تر بە بینینی وێنە و کارت، یەکێکی تریش پێویستی بە جووڵە و یارییە، مامۆستای زیرەک ئەو جیاوازییانە دەناسێت و وانەکەی تەنها بە یەک ڕێگادا نابات.
هەڵەکردن بەشێکە لە فێربوون: زۆر ئاساییە منداڵ لە سەرەتادا وشەیەک بە هەڵە بڵێت یان پیتێک تێکەڵ بکات، گرنگ ئەوەیە بە نەرمی و بەبێ شکاندنەوەی، ڕێگای ڕاستی نیشان بدرێت تا هەمیشە ئارەزووی بەشداریکردنی هەبێت
هاندان و پێزانین: دەستخۆشییەکی سادە یان پێشوازییەکی گەرم لە وەڵامێکی فێرخواز، هێزێکی گەورەی پێ دەبەخشێت کە زیاتر هەوڵ بدات و زمانی دایکی خۆش بوێت.

کاتێک لە دونیای منداڵ و چۆنیەتی فێربوونی ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە وانەی زمانی کوردی نابێت هەرگیز وەک ماددەیەکی ڕێزمانیی وشک یان لەبەرکردنێکی بێگیان پێشکەش بکرێت، منداڵ زمان وەک ئامرازێکی زیندوو بۆ گوزارشتکردن لە خۆی و لە حەزەکانی و لە ترس و خەونەکانی دەبینێت، هر لەبەر ئەمەیە، یەکەم ئەرکی مامۆستا لە ناو پۆلدا بریتییە لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی دەروونیی هێمن و ئارام، ژینگەیەک کە تێیدا فێرخواز دڵنیا بێت لەوەی کە دەنگی دەبیسترێت، ڕێز لە بیرکردنەوەکانی دەگیرێت و هیچ ترسێکی لە گێڕانەوە یان پرسیارکردن نییە، ئو پۆلەی ترس و دڵەڕاوکێی تێدا زاڵ بێت، یەکەم قوربانییەکەی توانای قسەکردن و دەربڕینی منداڵە، بەڵام پۆلێک کە خۆشەویستی و متمانە تیایدا باڵادەست بێت، دەبێتە کانییەکی پڕ لە وشە و ڕستەی پاراو.

لە لایەکی ترەوە،ناسینی جیاوازییە تاکەکەسییەکان کلیلی سەرەکیی سەرکەوتنی مامۆستایە لە گەیاندنی پەیامەکەیدا، فێرخوازان لە شێوازی وەرگرتندا هاوشێوەی یەک نین، هەیانە لە ڕێگەی دەنگ و چیرۆک خوێندنەوەوە وشەکان لە مێشکیدا جێگیر دەبن، هەیانە پێویستی بە بینینی وێنە و ڕەنگ و شێوەی پیتەکانە تا وێنەی وشەکە لە خەیاڵیدا دروست بکات، هەشیانە تا بە کردار و جووڵە بەشداری نەکات ناتوانێت چەمکەکان وەربگرێت، مامۆستای کارامە ئەو کەسەیە کە وانەکەی تەنها لە یەک قالبدا قەتیس ناکات، بەڵکو بە تێکەڵکردنی بیستن و بینین و کایەکردن، دەرگای فێربوون بۆ هەموو ئاست و جۆرەکانی فێرخواز دەکاتەوە.

نووسه‌ر: م.ناز عه‌لی

مامۆستای زمانی كوردی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌یی جونیه‌ر

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button