چالاکیمێژوو جوگرافیاهەواڵوتار و بابەت

٢٤٢ـەمین ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی پیرۆز بێت

بەبۆنەی ٢٤٢ـەمین ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی؛ شاری هونەر و ئەدەب و خەبات و هەڵمەت و قوربانی، بەناوی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی «شارە حەیاتەکە» و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیواخوازین هەمیشە سلێمانی ئاوەدان و گەشەوە بێت.

سلێمانی لە ماوەی 242 ساڵەی تەمەنیدا، خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمان گەیاندووە، کە لەسەر دەستی بابانییەکان بنیاتنرا و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو پایەکانی شارێکی جوان و ئاوەدانی تێدا دامەزرا، کە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سلێمانی ببێتە لانکەی کوردایەتی و شاری رۆشنبیری.

سلێمانی لە لایەنی ئەدەبییەوە، خاوەنی سێکوچکەی بابان (نالی، سالم و کوردی) و حەمدی، بێخود، قانع (شاعیری چەوساوەکان) و بێکەسە، هەروەها خاوەنی پیرەمێردی نەمرە کە یەکەم چاپخانەی هێنایە شارەکەوە، برەوی بە ڕۆژنامەگەریی کوردی دا و بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز، جۆشی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەی دا، سلێمانی خاوەنی دەیان ئەدیب و هونەرمەندی گەورەی دیکەیە کە مایەی شانازین بۆ تەواوی کوردستان، هەر ئەم هونەردۆستیەی کردوویەتی بە پایتەختی رۆشنبیری

لە خەباتی بۆ ئازادیی کوردستان، سلێمانی سەرتۆپی شارەکانە، لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی نەمرەوە خەباتی بۆ ئەم بەشەی کوردستان کرد و لە بەردەرکی سەرا خۆپیشاندانی بۆ ئازادی و ڕەتکردنەوەی ستەم تۆمار کرد، هەروەها لە دژی ڕژێمی بەعس، بەوپەڕی توانایەوە وەک جەنگاوەرێکی تینوو بۆ ئازادی جەنگا و نە ئەنفال و کیمیاباران و نە وێرانکردن و نەلەسێدارەدان نەیانتوانی ڕایبگرن، تا ئازادیی تەواوی بەدەستهێنا، هەر بۆیە سلێمانی لە هونەر و ئەدەب و قوربانیداندا خۆی بە تەنها گەلێکە و شانازیی هەموو تاکێکی کوردە.

لەم یادە مەزنەدا،هیواخوازین، ناکۆکییە سیاسییەکان کۆتایی پێبێت و حزبە سیاسییەکان خزمەتکردنی کوردستان بکەنە کاری لەپێشینەیان، چونکە تەنها ئەمە دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
دووبارە یادی دامەزراندنی شارە حەیاتەکە پیرۆز بێت
 
 رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد
14ی11ی2026

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button