لە دڵی بازاڕی ڕاپەڕینی شاری سلێمانییەوە، پەیامێکی گەورەی مرۆڤدۆستی و دەستپاکی ڕوو لە باکووری ئەوروپا و دانیمارک دەکات، كاتێک مۆبایلێکی کۆن لە جۆری (سۆنی ئەلیکسۆن) بە تەنها ۷ هەزار دینار دەکەوێتە دەست کاک سۆران عەلی، هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی عەربەت، لەبری تێپەڕین بەسەریدا، بڕیار دەدات ببێتە پردی گەڕاندنەوەی یادگارییە ونبووەکانی خێزانێک کە هەزاران کیلۆمەتر دوورن.
ئەم مۆبایلە کە پڕە لە وێنەی تایبەت، نامە و یادگاریی خێزانیی خانمێکی بەتەمەنی دانیمارکی بە ناوی (بێتی) لە ناوچەی تیاربۆرگە، لە ڕێگەی کاک سۆرانەوە بە ئەمانەت و ڕێزەوە پارێزراوە، کاک سۆران ئێستا بە هەڵوێستێکی بەرز و نموونەییەوە هەوڵ دەدات ئەم یادەوەرییە لەدەستچووانە بگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی خاوەنە ڕاستەقینەکەی لە دانیمارک.
ئێمە لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیا، بە شانازییەکی بێسنوورەوە ئەم پەیامە مرۆییە لە سلێمانییەوە بەرەو ئەوروپا بڵاودەکەینەوە، ئەم هەڵوێستە سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەندی ئەمانەتپارێزی و ڕەوشتبەرزییە، نەتەوەیەک کە تەنانەت یادگاریی وێنەی منداڵێکی بیانیش بە پیرۆز دەزانێت و سنوورە جوگرافییەکان لە پێناو کەرامەتی مرۆڤایەتیدا دەبەزێنێت، دەستی ماندوونەبوونی کاک سۆران دەگوشین و هاوکار و پشتیوانی تەواوی ئەم دەستپێشخەرییە دەبین تا گەیشتنەوەی مۆبایلەکە بە خاوەنەکەی لە دانیمارک.
کاک سۆران عەلی نموونەی بەرزی مرۆڤێکی ڕاستگۆ، پاکدەست و ئەمانەتپارێزە، پیاوێکی دڵسۆز و خودان ویژدان کە سەلماندی بەها ئەخلاقییەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوەن، ئەم هەڵوێستە مەردانەیەی ئەو، نەک تەنها جێی ستایشە، بەڵکو ماییەی شانازییە بۆ تەواوی گەلی کورد و کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو بەم کارەی بووە باڵیۆزی ڕەوشتبەرزی و شکۆی کورد، کە چۆن پاراستنی ئەمانەت و نامووسی خەڵکی لە ناخیدا ڕەگی داکوتاوە، تەنانەت ئەگەر خاوەنەکەشی هەزاران کیلۆمەتر دوور بێت.
ئێمە لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیا، بەوپەڕی شانازییەوە ئەم پەیامە مرۆییە لە سلێمانییەوە بەرەو ئەوروپا بڵاودەکەینەوە. دەستی ماندوونەبوونی کاک سۆران دەگوشین و هاوکار و پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵە جوان و کەموێنەیەی دەبین تا گەیشتنەوەی مۆبایلەکە بە خاوەنەکەی لە دانیمارک.



