هەواڵ

جینۆسایدی دووەمی هەڵەبجە

​د. فەرمان حسێن دەروێش

​۱٦ی۳ی۱۹٨٨ ئەو رۆژەی مێژوو شەرمی لە خۆی کرد،
​لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تاوان تەنها بە دەستی بکوژ و جەلادەکان ئەنجام نادرێت، بەڵکو بە ساردووسڕیی ئەوانەش تەواو دەبێت کە دەبینن و بێباک دەبن، کیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، مەرگی شارێک نەبوو تەنها، بەڵکو هەرەسی مۆڕاڵی جیهان بوو، چونکە بێباکی بووە چەکێکی کوشندەتر لە غازی سارین.
مێژوو پێمان دەڵێت جەلادەکان لە بۆشایی ئەخلاقیدا دەبنە دڕندە، کاتێک جیهان دەبێتە (تەماشاچی) لە راستیدا دەبێتە سووتەمەنی بۆ بزوێنەری بکوژ، بێباکی لێرەدا وەک رەزامەندییەکی سارد لێکدەدرێتەوە، کە وایکرد قوربانییەکانی هەڵەبجە لەناو بێکەسییەکی ئەبەدیدا بخنکێن، مێژووی بێباکی، مێژوویەکە کە تێیدا مرۆڤ لە بەهاکانی دادەماڵرێت و دەکرێتە ژمارەیەکی بێ رۆح لەناو ئامارەکاندا.

​سایکۆلۆژیای بێباکی، سڕینەوەی مرۆڤ لەناو بەرژەوەندیدا:
​بێباکی تەنها بێدەنگبوون نییە بەڵکو جۆرێکە لە (سڕینەوەی بوون) کاتێک رژێمی بەعس مەرگی دەباراند، جیهان نەیویست قوربانییەکان وەک مرۆڤ ببینێت، بێباکی سنووری نێوان مەرگ و ژیان لێڵ دەکات، لە رووی دەروونییەوە بێباکی بەرامبەر ئازاری ئەوانی تر پارێزەری ئەو کەسانەیە کە نایانەوێت بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەڵبگرن.
بۆ سیستەمی سیاسیی جیهانی، منداڵانی هەڵەبجە کە لە باوەشی دایکیاندا بەژەهربارانی حکومەتی عێراق خنکابوون بەڵام تەنها ژمارەیەک بوون لە پەراوێزی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا، وەک (ئێلی ڤیزێل) رزگاربووی پرۆسەی هۆڵۆکۆست دەڵێت: (پێچەوانەی خۆشەویستی ڕق نییە، بەڵکو بێباکییە ).
رق داننانە بە بوونی بەرامبەر، بەڵام بێباکی واتە سڕینەوەی کەرامەتی مرۆڤ، کاتێک جیهان بێباک دەبێت قوربانی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە بوونی نییە.
لە هەڵەبجەدا، جیهان وای نیشان دا کە ئەم نەتەوەیە (شایەنی بینین) نییە، ئەم سڕینەوەی بوونە مەترسیدارترین جۆری سزادانی مرۆییە، چونکە مرۆڤ تەنها جارێک نامرێت بەڵکو هەموو ئەو ساتانەی کە جیهان لێی دەڕوانێت و چاوی لێ دەپۆشێت ئەو دووبارە دەکوژرێتەوە، بێباکی لێرەدا دەبێتە دیواری نێوان (ئێمە) و (ئەوانی تر) دیوارێک کە تێیدا ئازاری ئەوانی تر نابێتە خەمی ئێمە، ئەمە ئەو مۆتەکەیەیە کە وایکرد هەڵەبجە ببێتە گۆڕستانێکی بێدەنگ لە ژێر چاوی مانگە دەستکردەکان و سیستەمە هەواڵگرییەکاندا، کاتێک مرۆڤ دەبێتە (تەماشاچی مەرگ) لە راستیدا ئەویش بەشێک لە مرۆڤبوونی خۆی لەدەست دەدات، چونکە بینینی ئازار و نەجوڵان جۆرێکە لە خۆکوشتنی ویژدانی، بێباکی جیهان لە ساڵی ١٩٨٨خیانەتێکی گەورە بوو لە متمانەی هەموو ئەو قوربانییانەی کە پێیان وابوو یاسا و ئەخلاقێک هەیە بۆ پاراستنیان.

​فەلسەفەی بێ بەهاکردن، لۆژیکی سڕینەوەی ناسۆر:
​لە هەڵەبجەدا، جەستەی کورد کرا بە (پاشماوەی جەنگی) ئەو مرۆڤەی کە دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی بکوژەکەی وەک تاوانبار سزا بدرێت، بێباکی جیهانی ئەم شەرعییەتەی بە جەلاد دا، کاتێک تەماشاکەری مەرگ لە پایتەختە دوورەکانەوە سەیری وێنەی منداڵە خنکاوەکانی دەکرد تەنها وەک دیمەنێکی تراژیدی دەیبینی نەک وەک (برینێکی مرۆیی) ئەم جیاکارییە لە نێوان خوێنەکاندا نزمترین ئاستی داڕمانی ئەخلاقییە، جەستەی قوربانی لە هەڵەبجەدا تەنها گۆشت و ئێسقان نەبوو کە ژەهر بیخوات، بەڵکو پەیامێکی فیکری بوو بۆ جیهان کە تێیدا دەرکەوت بەها مرۆییەکان چەندە نایەکسان دابەشکراون، بێباکی وایکرد مەرگی کورد نەبێتە (هەواڵێکی بەپەلە) بەڵکو ببێتە (دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراو)ی ململانێیەکی ناوچەیی.
بۆ وڵاتانی خاوەن بڕیار جەستەی منداڵێکی کورد کەمتر بایەخی هەبوو لە بەرمیلێک نەوت یان گرێبەستێکی چەک، ئەمەیە لوتکەی بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ، کاتێک جیهان چاو دەپۆشێت لە جینۆسایدێک لە راستیدا پێناسەیەکی نوێ بۆ مرۆڤبوون دادەڕێژێتەوە کە تێیدا هەندێک مرۆڤ (زیادە)ن، ئەم پشتگوێخستنە فەلسەفییە، جۆرێکە لە تیرۆری مەعنەوی، قوربانی کاتێک دەبینێت جیهان لێی بێزارە و نایەوێت برینەکانی ببینێت هەست بە شەرمەزاری دەکات لە بوونی خۆی، جەستەی هەڵەبجەیی تەنها بە گازەکوشندەکان نەشێوێنرا بەڵکو بەو بێباکییە توندە شێوێنرا کە وایکرد وێنەکانیان لە گۆشەی رۆژنامەکاندا وەک تابلۆیەکی رووت و بێ مانای تێدا بمێنێتەوە، ئەمە ئەو تراژیدیایەیە کە تێیدا مرۆڤ دەبێتە کەرەستەیەکی پاشکۆ لەناو کایەی سیاسیی گەورەدا.

​جینۆسایدی دووەم، ناسۆرێک لە ژەهر کوشندەتر:

​گازەکوشندەوخنکێنەرەکان تەنها جەستەیان نەکوشت، بەڵکو بێباکی جیهان (رۆحی قوربانییەکانی) لەناوبرد، هیچ ئازارێک گەورەتر نییە لەوەی لە کاتی مەرگدا بزانیت جیهان لێت دەڕوانێت و هیچ ناکات، ئەمە برینی (پشتگوێخرانە) هەستکردن بەوەی کە ئازاری تۆ هیچ بایەخێکی نییە، کاتێک جیهان بکوژ وەک هاوبەشێکی سیاسی دەبینێت، قوربانی بۆ جاری دووەم جینۆساید دەکرێتەوە، دانیشتوانی هەڵەبجە لەو رۆژەدا تەنها لەبەر ژەهرەکە نەمردن بەڵکو لەبەر ئەو ساردووسڕییە مردن کە لە پایتەختەکانی بڕیارەوە دەهات، ئەمە پێی دەوترێت (جینۆسایدی دووەم) یەکەمجار جەستەت دەکوژرێت و دووەمجار بە بێباکی و فەرامۆشکردن کەرامەت و مێژووت دەکوژرێت، خیانەت لە متمانە برینێکی قووڵتر لە ژەهر جێدەهێڵێت، قوربانییانی هەڵەبجە کاتێک لە ژێر دار و پەردووەکاندا گیانیان دەسپارد چاویان لە ئاسمان بوو بۆ فریاگوزارییەک کە هەرگیز نەهات، ئەم تەنیاییە رەهایە نیشانەی شکستی هەموو ئەو یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە بۆ پاراستنی مرۆڤ نووسراون، بێباکی جیهان لە ئاست هەڵەبجەدا تەنها بێدەنگی نەبوو، بەڵکو جۆرێک بوو لە هاوبەشی لە تاواندا، کاتێک تۆ دەزانیت تاوانێک ئەنجام دەدرێت و دەتوانیت رێگری لێبکەیت و نایکەیت، تۆ چیدی تەماشاکەر نیت، بەڵکو بەشێکیت لە جێبەجێکارەکە، (جینۆسایدی دووەم) ئەو کاتە دەستی پێکرد کە وڵاتانی زلهێز دەستیان کرد بە شاردنەوەی بەڵگەکان و گۆڕینی ئاراستەی تاوانەکە، ئەمە تیرۆرکردنی راستی بوو، مەرگی کەرامەت زۆر سەختترە لە مەرگی بایۆلۆژی، هەڵەبجەییەک کە لەو رۆژەدا رزگاری بوو تا کۆتایی تەمەنی ئەو بێباکییەی جیهانی لەگەڵ خۆی هەڵگرت وەک مۆتەکەیەک کە لە غازەکە کوشندەتر بوو.

​مەرگی خاک، کاتێک ژینگەی کوردستان دەبێتە قوربانی:
​کیمیاباران تەنها سییەکانی مرۆڤی نەپێکاوە، بەڵکو خاکی کوردستانیشی بۆ نەوەکانی داهاتوو ژەهراوی کرد، ئەمە جینۆسایدێکی بەردەوامە (Ongoing Genocide) کاتێک خاک دەمرێت، رەگ و ریشەی نەتەوەیەک وشک دەبێت و جیهانیش هێشتا وەک تەماشاکەرێکی سارد دەمێنێتەوە، ژەهراویکردنی ژینگە جۆرێکە لە تاوانی درێژخایەن کە بکوژەکان تێیدا لە دوورەوە چاودێریی مەرگی هێواشی نەوەکانی دواتر دەکەن، بێباکی بەرامبەر ئەم وێرانکارییە بایۆلۆژییە هاوشێوەی بێباکی بوو لە ئاست مەرگی کتوپڕی منداڵەکان، ژەهرەکە تێکەڵی ئاو و هەوا بوو تا مەرگ بکاتە میراتێکی هەمیشەیی بۆ ئەم خاکە، لێرەدا بێباکی نێودەوڵەتی تەنها ساتی ڕووداوەکەی پشتگوێ نەخست بەڵکو داهاتووی نەتەوەیەکیشی سپارد بە مەرگێکی هێواش، خاک لە فەلسەفەی کوردی دا تەنها زەوی نییە، بەڵکو ناسنامە و دایکە، کاتێک دایک ژەهراوی دەکرێت نەوەکانیش بە نەخۆشی و ناکامییەوە لەدایک دەبن، ئەمە کوشتن ولەناوبردنی داهاتووە، جیهان کە باس لە پاراستنی ژینگە دەکات بۆچی لە ئاست ژەهراویکردنی خاکی هەڵەبجەدا بێدەنگ بوو؟ چونکە بێباکی لێرەدا ڕەهەندێکی سیاسی هەیە، ئەوانەی چەکی کیمیاییان بە رژێمی بەعس فرۆشت دەیانزانی ئەو ژەهرە چەندە لەناو خاکدا دەمێنێتەوە، بێباکی بەرامبەر مەرگی ژینگە بەشێکە لە هەمان ئەو زنجیرە بێباکییەی کە مرۆڤی تێدا خنکێنرا، تا ئێستاش کاریگەریی ئەو غازانە لەناو جەستەی نەوەی سێیەمی هەڵەبجەییەکاندا دەردەکەوێت ئەمەش دەیسەلمێنێت کە تاوانەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، جیهانی بێباک تەنها تەماشای مێژووی کرد، بەڵام ئامادە نییە تەماشای ئەو کارەساتە بەردەوامە بکات کە لەناو خانەکانی قوربانییەکاندا دەگوزەرێت، مەرگی خاک مەرگی بەردەوامی نەتەوەیە.

بێباکی، ​مۆڵەتنامەی جەلاد وەک چرای سەوزی تاوان:
​کاتێک باس لە بێباکی دەکەین دەبێت تێبگەین کە پشتگوێخستنی تاوان کەرەستەیەکی خاوە بۆ جەلاد تا تاوانەکەی فراوانتر بکات، بکوژ کاتێک دەبینێت کەس هاوار ناکات هەست بە شەرعییەتی دڕندەییەکەی دەکات، لە مێژووی هەڵەبجەدا ساردووسڕیی وڵاتانی خاوەن بڕیار وەک مۆڵەتنامەیەک بوو بۆ رژێمی بەعس تا لە ئەنفال و کیمیایی باران بەردەوام بێت، لێرەدایە بێباکی دەبێتە (تاوانی بەکۆمەڵ) ئەگەر لە ساڵی ١٩٨٨دا فشارێکی راستەقینە هەبوایە، کۆمەڵکوژیەکە نەدەگەیشتە ئەو ئاستە، بێباکی دەبێتە پارێزەری بکوژ و جەلاد، چونکە هیچ فشارێکی ئەخلاقی ناخاتە سەریان، جەلاد کاتێک دەبینێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زمانێکی دیپلۆماسی سارد قسە دەکات، تێدەگات کە رێگەی بۆ کراوەیە.

بێباکی لێرەدا دەبێتە هەڵکردنی (چرای سەوز) بۆئەنجامدانی تاوان، مێژووی جینۆسایدەکان فێری کردووین کە بێدەنگیی جیهانی هەمیشە وەک هاندانێک بووە بۆ بکوژەکان، لە هەڵەبجەدا ئەم بێباکییە گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەیتوانی بە راشکاوی ناوی بکوژەکە ببات، بێباکی بووە هۆی ئەوەی راستییەکان تەمومژاوی بکرێن تا بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان پارێزراو بن، ئەمە ئەو کاتەیە کە ئەخلاق دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندی، جەلادەکان نەک هەر سزا نەدران بەڵکو بۆ ساڵانێکی زۆر وەک (هاوبەشی ستراتیژی) مانەوە، ئەم بێباکییە وایکرد کە جەلاد وا هەست بکات تاوانەکەی (هونەرێکی سیاسییە) نەک کۆمەڵکوژی وتاوانی مرۆیی.
بێباکی لێرەدا دەبێتە مۆرێکی شەرعییەت بۆ هەر جەلادێکی تر کە بیەوێت لە داهاتوودا هەمان تاوان دووبارە بکاتەوە، ئەگەر هەڵەبجە سزایەکی ویژدانیی توندی جیهانی بەدوای خۆیدا بهێنایە، رەنگە جینۆسایدەکانی تری دوای ئەو هەرگیز روویان نەدایە.

​مەرگی ویژدان، ئاساییکردنەوەی مەرگی کورد:
​مۆتەکەی راستەقینە تەنها کۆمەڵکوژیەکە نییە بەڵکو ئەو توانایەیە کە مرۆڤ هەیەتی بۆ (ئاساییکردنەوەی مەرگ) جیهان هەڵەبجەی وەک (رووداوێکی تێپەڕ) تەماشا کرد، ئەم سڕبوونی ویژدانە وای کرد کە بۆ چەندین ساڵ هەموو بەڵگەکان وەک (ناڕوون) تەماشا بکرێن، بێباکی لێرەدا وەک (قەڵغانێکی دەروونی) بەکارهات تا وڵاتان خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ڕزگار بکەن، کاتێک ویژدان سڕ دەبێت مرۆڤ دەتوانێت لە تەنیشت لاشەی منداڵێکدا نان بخوات و هەست بە هیچ ئازارێکیش نەکات! ئەمە ئەو مۆتەکەیەیە کە لە ١٦ی ئازاردا بەسەر جیهاندا زاڵ بوو، ئاساییکردنەوەی تاوان یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ئەخلاقییەکان، کاتێک دیمەنی دایکێکی خنکاو لەگەڵ منداڵەکەی دەبێتە وێنەیەکی ئاسایی لەناو ئەرشیفەکاندا ئەمە نیشانەی مەرگی ویژدان ومەرگی مرۆییە، ویژدانی سڕبوو نایەوێت بە ئاگا بێتەوە، چونکە بەئاگاهاتنەوە ئازاربەخشە و تێچووی هەیە ئەرکداری دەکات، لەبەئەوەیە بێباکی هەڵدەبژێرێت، لە فەلسەفەی بێباکیدا قوربانی کورت دەکرێتەوە بۆ دیمەنێک، ئەم دیمەنە نابێتە هۆی ئەوەی تەماشاچی بخاتە ناو هەڵوێستێکی کردەییەوە، جیهان لە ١٩٨٨دا ویژدانی خۆی خستە ناو پشوویەکی درێژخایەنەوە، ئاساییکردنەوە وایکرد کە هەڵەبجە تەنها ببێتە (یادەوەرییەکی ساڵانە) نەک برینێکی زیندوو کە داوای دادپەروەری بکات، ئەم سڕبوونە تا ئێستاش بەردەوامە کاتێک دەبینین تاوانبارانی پشت پەردە (ئەوانەی چەکیان گەیاند) هێشتا لە ئازادیدا دەژین، مۆتەکەی ویژدانی سڕبوو وایکردووە کە مرۆڤایەتی لە ئاست هەر تاوانێکی تردا کە بەرامبەر کورد دەکرێت، هەمان بێباکی دووبارە بکاتەوە.

​قەڵغانی یادەوەری، بەرگری دژی فەرامۆشی:
​یادکردنەوەی هەڵەبجە تەنها بۆ گریان نییە بەڵکو بۆ شکاندنی ئەو قاڵبە بێباکییەیە کە هێشتاش لە جیهاندا بوونی هەیە، یادەوەری دەبێت ببێتە (قەڵغان) نابێت رێگە بدەین ئازار ببێتە شتێکی ئاسایی و رۆژانە، کاتێک ئازاری نەتەوەیەک دەبێتە (هەواڵێکی سارد) لە میدیاکاندا، ئەوە نیشانەی هەرەسی ویژدانە، یادەوەری تاقە چەکە کە رێگری دەکات لەوەی بێباکی جارێکی تر مێژوو داگیر بکاتەوە (لەبیرچوونەوە) دیارییەکی گەورەیە بۆ بکوژ، یادەوەری دەبێت ببێتە بەرگرییەکی ئەخلاقی دژی هەموو ئەو هێزانەی دەیانەوێت مرۆڤ بکەنە ژمارەیەکی بێبایەخ، فەرامۆشی واتە بەخشینی مەرگێکی سێیەم بە قوربانی، ئەگەر یادەوەریی هەڵەبجە زیندوو نەبێت، بێباکی جیهان سەردەکەوێ، یادەوەری لێرەدا ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقییە دەبێت بەردەوام هاوار بکەین کە ئەوەی ڕوویدا تەنها رووداوێکی مێژوویی نەبوو بەڵکو پەڵەیەکی رەشە بە نێوچەوانی مرۆڤایەتییەوە، یادەوەری دەبێت ببێتە پردێک لە نێوان نەوەکاندا تا تێبگەن بێباکی چەندە مەترسیدارە، کاتێک ئێمە یادەوەری دەپارێزین لە راستیدا دژی ئەو سیستەمە دەوەستینەوە کە دەیەوێت هەموو شتێک بکاتە بەرژەوەندی، کەواتە یادەوەری هەڵەبجە دەبێت ببێتە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی بۆ ویژدانی جیهانی و نابێت ڕێگە بدەین ئەم تاوانە کورت بکرێتەوە بۆ چەند خولەکێک بێدەنگی لە ساڵێکدا، یادەوەری دەبێت ببێتە (هاوارێکی هەمیشەیی) دژی ئەو “بێکەسی”یەی کە کورد تێیدا ژیا لەبەرئەوەی تەنها بەم شێوەیە دەتوانین قەڵغانێک دروست بکەین کە رێگە لە دووبارەبوونەوەی مۆتەکەی بێباکی بگرێت، یادەوەریی ئێمە تۆڵەیەکە لە بێباکیی جیهان.

​ئەنجام:

بێباکی سزایەکە کە مرۆڤایەتی بەسەر خۆیدا دەیسەپێنێت، با هەڵەبجە ببێتە ئەو هاوارە ئەبەدییەی کە رێگە نادات ویژدانی جیهان بچێتە ناو خەوێکی قووڵی بێباکییەوە، چونکە ساردووسڕی لە ئاست تاوان کەمتر نییە لە خودی تاوانەکە، مێژوو ڕەحم بەوانە ناکات کە دەستیان هەبووە لە تاواندا، بەڵکو زیاتر ڕەحم بەوانە ناکات کە دەنگیان هەبووە و نەیانهەژاندووە، تەنها بە هاوارکردن و شکاندنی قاڵبی بێباکی دەتوانین کەرامەتی مرۆیی بۆ جیهان بگەڕێنینەوە، با هەڵەبجە تەنها ناوێک نەبێت بۆ تراژیدیا، بەڵکو ناوێک بێت بۆ راپەڕینێکی ئەخلاقیی گشتگیر و گەردوونی دژی هەموو جۆرە بێباکی و بێدەنگییەک لە ئاست زوڵم و ستەمدا، ئەم هاوارە دەبێت بگاتە هەموو کوون و قوژبنێکی ئەم جیهانە تا تێبگەن کە بێکەسیی کورد شکستی هەموو جیهان بوو، ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین کە بێباکی چیدی شوێنی نابێتەوە لەناو مێژووی داهاتووی ئێمەدا، چونکە یادەوەریمان زیندووە و ویژدان لەناوکۆنەستی نەتەوەییمان لە هەموو کات زیاتر بەئاگایە.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button