ڕاپۆرتڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کورد و هاوکێشەی “مان و نەمان”؛ خیانەتێکی تر بە ماسکێکی نوێوە

ئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی جیهان بکەین، دەبینین کورد تاقە نەتەوەیە کە بە قەد قەبارەی جەستەی خۆی “خیانەتی” لێکراوە. لە پەیماننامەی لۆزانەوە کە تێیدا خەونی دەوڵەت بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی بریتانیا و فەرەنسا، تا دەگاتە ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، کە تێیدا ئەمریکا و شا بە یەک واژۆ شۆڕشێکی گەورەیان تەنها بۆ ڕازیکردنی بەغدا فرۆشت.

ئەم زنجیرە خیانەتە تەنها هی ڕابردوو نین، بەڵکو لە سەردەمی نوێشدا بەردەوامن. لە ساڵی ٢٠١٧دا، جیهان بێدەنگ بوو کاتێک کەرکووک کەوت و کورد تەنیا جێهێڵدرا، هەرچەندە چەند مانگێک پێشتر وەک “پارێزەری شارستانییەت” دژی داعش وەسف دەکرا. لە ڕۆژئاواش، چەندین جار گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی دەوڵەتانی دراوسێ هەڵکرا، تەنها بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکانی ناو ناتۆ تێک نەچێت.

خیانەتێکی نوێ؛ لە “قارەمانی دژە داعش”ەوە بۆ “تەنیا جێهێشتن”
ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات، دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی کۆنە بە ماسکێکی نوێوە. هێزێک کە دوێنێ هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا بوو لە تێشکاندنی مەترسیدارترین گرووپی تێرۆریستی (داعش) و جیهانی لەو کابوسە ڕزگار کرد، ئەمڕۆ لەبەردەم گرووپە توندڕەوەکانی وەک “ئەحمەد شەرعی” و دەوڵەتانی دراوسێدا بە تەنیا جێدەهێڵدرێت. ئەمە نیشان دەدات کە لە فەرهەنگی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، پێناسەی “تێرۆر” و “تێکۆشەر” بەپێی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژ دەگۆڕێت. کاتێک کارتی کورد لە شەڕی داعشدا تەواو بوو، جیهان ئامادەیە چاو لە هەموو ئەو قوربانییانە بپۆشێت کە لە پێناو مرۆڤایەتیدا دراون.

سیاسەتی ڕاگرتن لەسەر لێواری مەرگ
بۆچی جیهان نە دەهێڵێت کورد لەناو بچێت و نە دەشێڵێت ببێت بە دەوڵەت؟ کورد بۆ هێزە زلهێزەکان تەنها “کارتێکی فشار”ە. ئەوان کوردیان وەک دەرمانێک دەوێت کە نەخۆشەکە تەنها بە زیندوویی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەن چاک بێتەوە.
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی یانی تێکدانی نەخشەی “سایکس-پیکۆ” و گۆڕینی سنوورەکان، کە ئەمەش تێچوویەکی وایە هێزە جیهانییەکان ئامادە نین بیدەن. بۆیە “دیموکراسی” بۆ وڵاتانی زلهێز تەنها کەرەستەیەکی دیپلۆماسییە؛ کاتێک بەرژەوەندییان بێت باسی دەکەن، و کاتێک بەرژەوەندییان لەگەڵ گروپێکی توندڕەودا بێت، ئامادەن چاو لە هەموو پرەنسیپە ئەخلاقییەکان بپۆشن. ئەم دۆخی “نەمان و نەژینە” وای کردووە وزەی نەتەوەیەک لە شەڕی مانەوەدا بەفیڕۆ بچێت نەک لە ئاواکردنی ژێرخاندا.
پەرتەوازەیی؛ ئەو خەنجەرەی کورد خۆی لە خۆی دەدات
تاڵترین ڕاستی کە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، پرسی یەک نەبوون و پەرتەوازەیی ماڵی کوردە. مێژوو پێمان دەڵێت کە داگیرکەران نیوەی کارەکەیان بۆ کراوە، چونکە نیوەکەی تری “کورد خۆی بۆی کردوون”. کێشەی کورد تەنها لە بێوەفایی ئەوانی تردا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە کورد وەک یەک نەتەوە مامەڵە ناکات. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا خیانەت دەکرێت، لە پارچەیەکی تر بێدەنگی یان تەنانەت خۆشحاڵییەکی شاراوە دەبینرێت. ئەم پەرتەوازەییە وای کردووە بەرژەوەندیی حیزبی و خێڵەکی لە سەرووی پیرۆزییە نەتەوەییەکانەوە بێت و دوژمنان بە ئاسانی “کورد بە کورد” بشکێننەوە.

کێ بەرپرسیارە؟ سەرکردە و ڕۆشنبیر لە بەردەم دادگای مێژوودا
نابێت هەموو شکستەکان تەنها بخەینە ئەستۆی بێگانە. گەلی کورد هەمیشە ئامادەی قوربانیدان بووە، بەڵام کێشە گەورەکە لەو دوو چینەدایە کە دەبوو کەشتییەکە ڕزگار بکەن:
* سەرکردەکان: کە بوونەتە “بازرگانی قەیرانەکان”. پاراستنی قەوارەی حیزبی و بنەماڵەییان لا مەبەستترە لە ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش. ئەوان فێربوون چۆن لەگەڵ داگیرکەران ڕێکبکەون، بەڵام فێر نەبوون چۆن لەگەڵ یەکتر دانیشن.
* ڕۆشنبیران: کە لەبری ئەوەی ویژدانی بێلایەنی گەل بن، بوونەتە “پاساوھێنەر” بۆ هەڵەکانی حیزبەکانیان و نەیانتوانیوە پڕۆژەیەکی فیکری بۆ یەکڕیزی دروست بکەن.

کۆتاییەکی بێ ئاسۆ؟
“کورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی تری نییە”، ئەمە تەنها پەند نییە، واقیعی تاڵی ئێمەیە. لەم ساتەدا کە تەمومژێکی قورس ئاسۆی سیاسیی داپۆشیوە، یەکگرتن وەک مەحاڵ دەردەکەوێت. تا ئەو کاتەی کورد لە ناوخۆدا نەبێتە یەکەیەکی قورس و یەکگرتوو، مێژوو هەر بەم شێوەیە دووبارە دەبێتەوە. ئێمە ماوین چونکە چیاکانمان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی “بژین” نەک تەنها بمێنین، پێویستمانە ئەم پەرتەوازەییە تێپەڕێنین، ئەگەرنا وەک گەڵای پاییز،
هەر ڕەشەبایەکی سیاسی بۆ لایەکمان دەبات.

 

نووسینی : سامان حمه‌ غریب

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button