وتار و بابەت

ئەی كوا دۆستەكانی كورد لە بەغداد؟

هیچ گومان لەوەدا نیە، هەرێم نەوت بەقاچاغ دەفرۆشێت و داهاتەكەی دیار نیە. گومان لە رادەستنەكردنی داهات و خراپی لیستی موچە نیە.. گومانی تێدا نیە هەرێم پابەند نەبووە بە یاسای بودجەوە…
بەڵام تەنیا یەك كەس لە بەغدادەوە دژی راگرتنی موچە نەبوو، یەك سەركردەی سونە یان شیعە نەهاتوو بڵێت( خەتای بەرپرسانی هەرێمەو موچەخۆران و هاوڵاتیان تاوانیان نیە..!!).
– كوا عەبدولمەهدی و حەكیم و عامری و عەلاوی و موتڵەگ و سەدرو فەیاز و كێ و كێ خۆ دەیان وت ئەوان دۆستی كورد و كوردستان…؟؟
– كوا كیلابی و سنێد و رەیان كلدانی و خەز عەلی و كێ و كێ كە بەردەوام بەهاریان هێنابووە ئەژنۆ و وا خۆیان دەردەخست خەمخۆری مامۆستایان و موچەخۆرانن (دەشڵێن خەزعەلی لە پشت بڕینی موچەوەیە).
– كوا دۆستەكانی شەقامی كوردی لە شەقامی عێراقیدا خۆ سزاكە دژی بەرپرسانی هەرێم نیە.. دژی موچەخۆران و هاوڵاتیانە..!!
– ئەی كوا دۆستەكانی پارتی و بارزانی دوای 22 ساڵ، نەیانتوانیوە چوار سەركردەی شیعەو سونە بكەن بە دۆستی خۆیان و لەم كاتانەدا پشتیوانی لە (قبوڵناكەمە)كەی بكەن و بڵێن بڕینی موچەی موچەخۆران تاوانە..
– ئەوان بەردەوام دەیان وت سودانی دۆستمانەو هاوكارو پشتیوانی دەبین ( ئێستا سودانی دۆستە یان دوژمن)، بۆ زانیاری تا ئەم ساتە پارتی و یەکێتی لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتن کە حکومەتی عێراقی لێپێکهاتووە، واتا پارتی و یەکێتی بەشدارن لە حکومەتی عێراق.
-ئەی خۆ (بافڵ تاڵەبانی) لە دووری سەد مەترەوە (كلدانی و خەزعەلی ) باوەشیان بۆ دەكردەوە، بەردەوام بەڕێگای كانیەوە بوو بۆ بەغداد، كوان دۆستەكانی بۆچی هیچ ناڵێن، خۆ ئەوەی ئەوان كردوویانە دژی پارتی و بارزانی نیە دژی خەڵك و هاوڵاتیان و موچەخۆرانە..
– ئەوان لە واشنتۆنەوە دەیانوت ئەمریكا هاوپەیمان و پشتیوانە، كونسوڵێك، باڵێۆزێك بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەیەك، راوێژكار، تەنانەت دیپلۆماتێكی بەپارەكڕدراوی ئەمریكیش قسەیەكی نیە لەسەر بڕینی موچە.
– سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و دەیان و وەزیر و پۆستی باڵا و 62 پەرلەمانتار، هیچیان پێناكرێت؟ بۆچی لەوێن؟
– گریمان بەقسەی كاكەحەمە كراو ئاوەكە گیرایەوە، دڵنیابن دەیان كەسایەتی و رێكخراوو حزب لە هەرێمی كوردستان دژی دەبن و بەیاننامە دەردەكەن، باشە بۆ یەك رێكخراوو كەسایەتیمان نەبینی لەو عێراقەوە لە باشور و ناوەڕاستەوە، ناڕەزایی دەربڕین و بڵێن برا بڕینی موچەی هاوڵاتیانی ئاسایی دژی مافی مرۆڤە( بڕۆن چی دەكەن بەرامبەر بەرپرسانی هەرێم بیكەن بەڵام دژی هاوڵاتی و موچەخۆر نا) … كەواتا لەئاستی شەقامیش هیچ نەكراوە..!
– كەواتا لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003ەوە لە بەغداد هیچ نەكراوە..!!!! ئەوانیش تەنیا بەرپرسانی كورد دەبینن..!!
– ئۆپۆزسیۆنیش لەولاوە بوەستێت، خواخوای كێشەیەكیانە ببێتە مادەیەك بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن (موچە و قوتی خەڵكی نەهی موزایەدەیە نە هەڵمەتی هەڵبژاردن)
……………………………………………………………………………………….
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری هەرێم و عێراق و راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق:
یەكەم: داهاتی نەوتی فرۆشراو:
• داهاتی نەوتی هەرێم، لە ساڵی (2023) دا: بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە
• داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە
• داهاتی نەوتی هەرێم لە چوارمانگی (2025)دا: ( ترلیۆنێك و 568 ملیارو 810 ملیۆن و 130 هەزار دینار.

– كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 983 ملیارو 828 ملیۆن 375 هەزار) دینار
هیچی نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت
………………………………….

دووەم: داهاتی نانەوتی فرۆشراو:
• داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2023)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە
• داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە
داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوارمانگی (2025)دا: بڕی ( ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووە

– كۆی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 522 ملیارو 690 ملیۆن 366 هەزار) دینار
…………………………..

سێیەم: كۆی پارەی هاتوو لە بەغدادەوە (2023- 2024-2025):
• كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە (2023): ( 3 ترلیۆن و 98 ملیار) دینار
• كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە (2024): (10 ترلیۆن و 786 ملیار) دینار
• كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە چوار مانگی (2025): ( 4 ترلیۆن و 223 ملیار) دینار
 كۆی پارەی هاتوو لە (2023- 2024-2025): ( 18 ترلیۆن و 107 ملیار) دینار

……………………………..
چوارەم: كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە (2023- 2024-2025):
• كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 983 ملیار) دینار
• كۆی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 522 ملیار) دینار
• كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە لە (2023- 2024 -2025): (18 ترلیۆن و107 ملیار) دینار

 كۆی داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم لە (2023- 2024-2025): (39 ترلیۆن و 612 ملیار) دینار

سەرچاوەی داتاو ئامارەكان: راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەریم، دیوانی چاودێری عێراق، دیوانی چاودێری هەرێم.

 

Show More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button