بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەریتانیا و نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی جیاواز، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد ئێوارەیەکی کلتووری و هونەری بەڕێوەبرد. لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، میوزیک، گۆرانی، خوێندنەوەی بابەتە کلتوورییەکان، پێشاندانی جلوبەرگی نەتەوە جیاوازەکان و هەروەها پێشکەشکردنی خواردنە کلتوورییەکان جێگای سەرنج و پەسەندکردنی ئامادەبووان بوو.
بەخۆشحاڵییەوە، ئەم چالاکییە جێگای دەستخۆشی و پەسەندکردنی هەموو بەشداربووان و میوانان بوو و کاریگەرییەکی باشی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کلتوورییەکان و ناساندنی فرەڕەنگیی کۆمەڵگادا هەبوو.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد تاکە ڕێکخراوی ڕۆشنبیری، کلتووری و فەرهەنگییە لە سەرتاسەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە چالاکی دەکات و خزمەت بە کۆمەڵگە دەگات. ڕێکخراوی KCO لە ڕێگەی چالاکییە جۆراوجۆرە کلتووری و فەرهەنگییەکانەوە کار دەکات بۆ پاراستن و ناساندنی کلتوور و فەرهەنگی کوردی و هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان لە نێوان گەل و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.

