ڕێکخراوی KCO هەڵمەتێکی بەرفراوانی ژینگەپارێزی لە بەریتانیا ئەنجامدا
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانییە بەردەوامەکانیدا، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO) هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ پاککردنەوە و خزمەتکردنی ژینگە لە چەند ناوچەیەکی سروشتی و گشتیی وڵاتی بەریتانیا ئەنجامدا.
لەم چالاکییەدا کە ژمارەیەکی لە ئەندامانی ڕێکخراو بەشداربوون، تیمەکانمان توانییان ڕووبەرێکی فراوان لە پارک و شوێنە گشتییەکان لە پاشماوە زیانبەخشەکان پاک بکەنەوە. ئەم هەڵمەتە وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و مرۆیی ڕێکخراو دێت بۆ نیشاندانی ڕووی شارستانیی ڕەوەندی کوردی و چاندنی کولتووری پاراستنی ژینگە لەناو کۆمەڵگەی بەریتانیدا.
بەشداربووانی هەڵمەتەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم کارە خۆبەخشانەیە پەیامێکی ڕوونە بۆ دۆستایەتی مرۆڤ و سروشت، و جەختیان کردەوە کە ڕێکخراوی KCO بەردەوام دەبێت لەم جۆرە چالاکییە مەیدانییانە تا وەک نموونەیەکی باڵای ژینگەپارێزی لە تاراوگەدا بمێننەوە.


