وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفتی په‌نابه‌ران دۆو دۆشاوی تێکه‌ل کرد
ئه‌وجاره‌یان وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفتی په‌نابه‌ران دۆو دۆشاوی تێکه‌ل کرد چونکه له په‌نجه‌ره‌وه یاسای مافی په‌نابه‌رانی نێو نه‌ته‌وه‌یی سالی ۱۹٥۱ خسته ده‌ره‌وه واته ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆرانکاریانه جێبه‌جێبکرێ پێویست ناکات که‌س له‌م وولاته داوای مافی په‌نابه‌ری بکات. من ده‌مزانی حکومه‌ت بڕیاری زۆر خراپ ده‌دات چونکه وولاته‌که په‌کی که‌وتوه‌و ژیانی په‌نابه‌رانیش زۆر زۆر ناخۆش بوه.

به‌پێی داتاکانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ٦۸ هه‌زار که‌س له هوتێله‌کان ده‌ژین و ڕۆژی ۸ ملیۆن پاوه‌ن ده‌درێته مه‌سروفی هوتێله‌کان و ژیانی په‌نابه‌رانیش له‌و هوتێلانه زۆر ناخۆشه‌و سه‌تا نه‌وه‌تیشیان ڕه‌فز ده‌کرێن. نه حکومه‌ت و داموده‌زگاکانی ده‌وله‌ت ده‌توانی ئیشوکاری ئه‌و هه‌مو خه‌لکه جێبه‌جێ بکات نه ڕێکخراوه‌کانی خێرخوازی توانای جارانیان هه‌یه که یارمه‌تی خه‌لک بده‌ن.
حکومه‌ت ده‌یه‌وێ هوتێله‌کان چۆل بکات چونکه خه‌لکی ئه‌و وولاته بێزارن له سه‌رف کردنی ئه‌و پاره زۆره‌یه بۆیێ حکومه‌ت کامپیان بۆ ده‌کاته‌وه، ئینجا له‌وه به‌ولاوه ناتوانن ژن و مندالیش بهێننه ئه‌و وولاته.
ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له هه‌رێمی کوردستان دێنه به‌ریتانیا گه‌له‌ک زۆره دام‌و ده‌زگاکانی ئه‌و وولاته واهه‌ست ده‌که‌ن که هه‌رێمی کوردستان وولاتێکی رووخاوی وێرانی بێ ده‌سته‌لاته و به‌شی زۆری په‌نابه‌ره‌کان سه‌ریان سورماوه چونکه زۆریان ره‌فز ده‌کرێن و ڕه‌فز کردنیش له ئێستادا وه‌کو ئه‌وه وایه به میوانداری بچیه مالێکو خاوه‌ن ماله‌که به مێوانه‌که بلێ جێ‌مان نیه مێوانه‌که‌ش بلێ چارم نیه له‌سه‌ر شه‌قام ده‌خه‌وم.
من ته‌له‌فۆنێکی زۆرم بۆ ده‌کرێت و سه‌رم سورماوه له قه‌واره‌ی کاره‌ساته‌که، تێناگه‌م له کوردستان چی ده‌گوزه‌رێ که مندالی ۱٥ سال ژیانی خۆی ده‌خاته مه‌ترسی بۆ ئه‌و ژیانه ناخۆشه‌ی ئێره، یان پیاوێک ٥ مندال به‌جێده‌هێلێ که‌چی خۆی لێره نانی نیه بیخوات، یان گه‌نجێک ئیشی ده‌ست ناکه‌وێت که‌چی له کوردستانه‌وه بابی پێی ده‌لێ دزی بکه.
به‌راستی ڕۆژانه که ئه‌و خه‌لک به‌و شێوه‌یه ده‌بینم زۆرم پێناخۆشه وه نازانم هۆی چیه ئه‌و خه‌لکه ئه‌و ژیانه ناخۆش‌و پڕ ئازاره‌یان هه‌لبژاردوه له دووره وولاتی. له ئه‌نجامی ئه‌و بێده‌سته‌لاتیه‌ی تێیکه‌وتینه هه‌ندێکیان توشی نه‌خۆشی ده‌رونی بوینه‌و هه‌ندێک هه‌ول ده‌ده‌ن خۆیان بکوژن.
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایه ژیانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌نده ناخۆشه که ئه‌و گه‌نجانه ئه‌و نه‌مرو نه ژینه‌ی ئێره هه‌لبژێرن که کاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بیت له‌سه‌ر ژیانیان.
ده‌زانم ئه‌گه‌ر وولاتێک یه‌ک مانگ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌دات خه‌لک هه‌موشتێک ده‌کات بۆ ڕووخاندنی ئه‌و وولاته و حکومه‌تی به‌غداو هه‌رێمیش به‌رپرسیارن به‌لام ئه‌گه‌ر پاره نیه به‌چی ئه‌و هه‌مو ئاوه‌دانی و بازاڕ‌و پیاسه‌و سه‌یران و ته‌له‌فزیۆن و دیوه‌غان و شاباش و هه‌لپه‌رین هه‌لبژاردن و قونبادانه ده‌کرێ. ئه‌و وولاتانه‌ی که هه‌ژارن و خه‌لک له‌به‌ر بێ کاری و بێ ده‌رامه‌تی ئاواره ده‌بن ئه‌و پارانه‌یان نیه بۆ شتی بێ‌سود سه‌رفی بکه‌ن.
که‌واته فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێوه بردنی ئابوری هه‌رێمی کوردستان فه‌شه‌لی هێناوه‌و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا به‌شێکی ئه‌و میله‌ته بێهیوا بوه و سه‌ری لێشێواوه .
که باسی خۆشی وولاتێک ده‌که‌ن مه‌به‌ستیان به‌رزه پرد‌و شه‌قامی جۆت سایدو دیوه‌خانی پڕ له پیاوی ته‌مبه‌ل نیه، مه‌به‌ستیان خۆشی ژیانی خه‌لکه‌که‌یه‌تی و پێوه‌ری خۆشی ژیانی خه‌لکیش بریتیه له دلو ده‌رونی فراوان و زه‌رده‌خه‌نه‌و قسه‌ی خۆش و په‌یوه‌ندی کۆمه‌لایه‌تی و هه‌ستکردن به ئارامی و ئازادی و به ساده‌یی بژی. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌لێم نه‌ک ئه‌وانه‌ی که هێشتا نه‌گه‌یشتون به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی لێره‌شن ده‌گه‌ڕێنه‌وه چونکه ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی ئێستا ڕووده‌ده‌ن کاریگه‌ریان زۆره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خه‌لکو وولاته‌که‌ش ناچاره ئه‌و گۆرانکاریانه بکات.
فازیل کاوانی

