سهرۆکی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا سەردانی پارێزگاری سلێمانی دەکات
لە ئەمڕۆدا، چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، شاندێکی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا بە سەرۆکایەتی بەڕێز گۆڤە ئەحمەد سەردانی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، کرد.
لە دانیشتنێکی گرنگ و پڕبەرهەمدا، هەردوولا گفتوگۆیەکی قووڵیان دەربارەی بەچاپگەیاندنی پەرتووکێکی گشتگیر لەسەر کوردستان بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی ئەنجامدا. ئەم پڕۆژە گرنگە بە ئامانجی ناساندنی مێژوو، کولتوور، شارستانیەت و جوانییەکانی کوردستان بە جیهانی دەرەوە داڕێژراوە.
بەڕێز گۆڤە ئەحمەد، جەختی لەسەر گرنگی ئەم پڕۆژەیە کردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم پەرتووکە دەروازەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ناساندنی کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردی بە خوێنەرانی نێودەوڵەتی و زمانزانانی ئینگلیزی لە سەرتاسەری جیهاندا.”
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش، پێشوازی گەرمی لەم بیرۆکەیە کرد و بەڵێنی پشتگیری تەواوی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دا. هەروەها، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دروستکردنی دوو پەیکەری هونەری پڕماناداری کوردی لە بەریتانیا، وەک نیشانەیەکی کولتووری بۆ پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و بەریتانیا.
شاندی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا بڕیاریاندا میکانیزمی کارکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە بخەنەڕوو لە کاتێکی نزیکدا، بە مەبەستی دەستپێکردنی کارەکان بە زووترین کات.