UK NEWS

‎چاکسازی بەریتانیا بەرەو دادگا دەڕوات بۆ داخستنی هوتێلی پەنابەران

‎پارتی چاکسازی بەریتانیا بەنیازە ژمارەیەک تەحەدای یاسایی ئامادە بکات بۆ داخستنی هۆتێلەکانی پەنابەران لەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لە خزمەتی پەنابەراندا بەکار دەهێندرێن.
‎ئەو پارتە کە نایجل فاراج یەکێک لە کاراکتەرە دیارەکانیەتی و بە کەسێکی دژە کۆچبەر و رەگەزپەرست ناسراوە، تیمێکی پارێزەرانی دەستنیشانکردووە بۆ ئامادەکردن و پێداچوونەوەی دادوەری کە مەبەست لێی رێگری کردنە لە کردنەوەی هوتێلی نوێی پەنابەران لەو ١٠ ئەنجوومەنەی کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا کۆنتڕۆڵی کردووە.
‎لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت ئەو هوتێلانەش دابخات کە ئێستا پەنابەرانی لەخۆ گرتوون، لەئێستادا تیمێکی بەهێزی پارێزەرانی دەستنیشانکردووە بۆ سەرکردایەتی کردنی ئەو هەوڵانەی کە بەنیازە لەچەند رۆژی داهاتوودا بیدات.
‎محەمەد زیادەدین یوسف سەرۆکی پارتی چاکسازی بەریتانیا بە میدیاکانی بەریتانیای راگەیاندووە، بەرەنگاری بڵاوەپێکردنی هەزاران کۆچبەری نایاسایی دەبنەوە، چونکە پارتی کرێکاران خیانەتی لە دەنگدەرانی کردووە و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.
‎ئاماژەی بەوەشکردووە هەندێک لە باشترین پارێزەرانی بەریتانیا بەبێ بەرامبەر کار لەگەڵ چاکسازی دەکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم حکومەتە ترسناکە، خەڵک سەریان سوڕ دەمێنێت لە کارەکانی تیمی ناوەزەی پارێزەرەکان.
‎دەشڵێت بەهەموو شێوەیەک شەڕی پارتی کرێکاران دەکەن بۆ پاراستنی دەنگدەرانی ناو ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی چاکسازی.
‎محەمەد زیادەدین ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان ئاگادارکردنەوە دەدەنە خاوەن خانوو و هوتێلەکان، پێیان دەڵێن ئەگەر تۆ خاوەن هوتێل یان خاوەن خانوویت لەناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی چاکسازی، چاوەڕوانی کار ئاسانی مەکە ئەگەر خیانەت لە وڵاتەکەت دەکەیت.
‎سەرۆکی پارتی چاکسازی پێی وایە ئەنجوومەنە خۆجێیەکان دەتوانن تەحەدای یاسایی لەدژی بڕیارەکانی حکومەت بخەنەڕوو و کاریگەری دروست بکەن، هەروەها لەلای ئەوان چاکسازی چانسێکی بەهێزی هەیە بۆ سەرکەوتن لەم جۆرە تەحەددیانە و سەرۆکی پارتەکە کەیسێکی ساڵی ٢٠٢٢ بەنمونە دەهێنێتەوە کە تێیدا ئەنجوومەنی ناوچەی گریت یارمۆس رێگری لە کردنەوەی هوتێلەکانی پەنابەری لەکەناری دەریای مێژوویی شارۆچکەکەدا کردووە.
‎لەلایەکی تریشەوە لەساڵی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی خۆجێیی ناوچەی رۆژئاوای لیندسی لە لینکۆڵنشایر هەوڵیدا پلانەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان لە بنکەیەکی ناوخۆیی رابگرێت، بەڵآم داواکاری ئەنجوومەنەکە لەلایەن دادوەرێکی باڵا رەتکراوەتەوە.
‎لەدوای سەرکەوتنی پارتی چاکسازی لە هەڵبژاردنی خۆجێی بەریتانیادا لە چەند هەفتەی رابردوو، پارتەکە جموجۆڵێکی زۆری دەست پێکردووە و کەیسی پەنابەران دژی حکومەتەکەی کەی ستامەری سەرۆکی پارتی کرێکاران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەکار دەهێنێت، لەیەکەم هەنگاویشیاندا بڕیارە داخستنی هوتێلەکان بباتە دادگاکانی بەریتانیا.
‎پارتی کرێکارانی بەریتانیاش کە ئێستا حکومەتی بەریتانیایان لەژێر دەستە، ماوەی چەند رۆژێکە سەرقاڵی داڕشتنی چەند پڕۆژە یاسایەکی نوێن، کە بەشێکی زۆریان تایبەت دەبن بە کۆچبەران و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کەی ستامەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پڕۆژە یاساکان رابگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت رێو شوێنەکانی هاتنی کۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەری قورستر بکرێت، کە بەپێی هەواڵێکی دزە پێکراو لەناو پارتەکەی کەی ستامەردا یەکێک لە پڕۆژە یاساکان تایبەت دەبێت بە پێدانی مافی پەنابەری و مەرج دادەنێن لەسەر ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن پێویستە هاوشێوەی کەسێکی ئینلگیز بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن و لێی تێبگەن.
توانا عومەر

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button