کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندنی قوتابخانەی ئەیوب بە مەراسیمێکی شایستە لە بێرمینگهام
بێرمینگهام – نوسینگەی ڕاگەیاندن
دوای ساڵێک لە هەوڵ و خزمەتی دڵسۆزانەی مامۆستایان، ناوەندی پەروەردەی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO) بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، مەراسیمی کۆتایی ساڵی خوێندنی بۆ قوتابخانەی ئەیوب لە شاری بێرمینگهام بەڕێوەبرد. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، قوتابیان و خێزانەکانیان بەڕێوەچوو.
لە میانی بەرنامەکەدا، چەندین وتار سەبارەت بە گرنگیی پەروەردە و ڕۆڵی بنەڕەتیی ڕاگرتنی زمانی دایک لە تاراوگەدا پێشکەشکران. لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، وەک وەفایەک بۆ هەوڵەکانیان، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی قوتابخانەکە (بەتایبەت مامۆستایانی خۆبەخش) و کەسایەتییە دڵسۆزەکانی بواری پەروەردە. هاوکات خەڵات و دیاریی تایبەت بەسەر قوتابییە سەرکەوتووەکاندا دابەشکرا.
لەکۆتاییدا، ئامادەبووان و خێزانەکان لە خوانێکی ئێوارەی هاوبەشدا کۆبوونەوە و ساڵێکی تری پڕ لە دەستکەوتی پەروەردەییان پێکەوە ئاهەنگ گێڕا.












