لە بێرمینگهام مەراسیمی ماتەمینی بۆ شەهید غەزەل مەولان بەڕێوەچوو
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە شاری بێرمینگهام، مەڕاسیمێکی شایستەی بۆ ماتەمینی شەهید (غەزەل مەولان) سازکرد. لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، وتاری ڕێکخراو و ژیاننامەی شەهید پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر قوربانییەکانی وەک هێمایەکی خەبات.
ئەم کۆڕە بە بەشدارییەکی بەرچاو لە لایەن نوێنەرانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا و باشوور، و نوێنەرانی هەر یەک لە (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، حیزبی دیموکرات و پەژاک) و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو. لە میانی وتارەکاندا، ئامادەبووان بە توندی ئیدانەی ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیەیان کرد کە لەلایەن پزیشکەکانەوە بەرامبەر بە شەهید غەزەل ئەنجامدرا کاتێک دەرگای چارەسەری لێ داخرا، و داوای لێکۆڵینەوەی جدییان لەو بارەیەوە کرد.
هەر لە مەراسیمەکەدا، یادی سێ پێشمەرگەی قارەمانی حیزبی دیموکرات بەرز ڕاگیرا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بۆردومانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەهید بوون. لە کۆتاییدا، پاش گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی، سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە کرا کە بە وتار و هەڵوێستەکانیان مەراسیمەکەیان شکۆدار کرد.







