UK NEWSپەروەردەییپەنابەرانچالاکیژنان و پەرەپێدانهەواڵ

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بەشداری لە سیمینارێکی تایبەت بە هاوسەنگی خێزانی کورد دەکات لە بێرمینگهام

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدان بۆ هۆشیاریی خێزانی، ڕۆژی دووشەمە ٢٠٢٦/١١/٢ بەڕێز ئاراس بلباس، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (ڕێکخراوی خێزانی ئاسوودە) لە شاری بێرمینگهامی وڵاتی بەریتانیا، بەشداری لە سیمینارێکی گرنگ و تایبەتدا کرد.

سیمینارەکە لەژێر ناونیشانی (هاوسەنگی خێزانی کورد لە تێگەیشتنی کێشەکانەوە بۆ داڕشتنی چارەسەر) بەڕێوەچوو، کە تێیدا بە شێوەیەکی زانستی و ورد تیشک خرایە سەر ئاسوودەیی خێزانی کورد لە ڕووەکانی پەروەردەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاساییەوە.

کۆڕەکە بە بەشداریی پانێڵێک لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: ڕەهەند ڕەزا پارێزەر و پسپۆڕی یاسایی، مامۆستا کاروان دارتاش نووسەر و شارەزای بواری پەروەردە، لازۆ ئازاد نووسەر و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کوێستان محەمەد ڕەفیق پسپۆڕی بواری خێزان و کۆمەڵگا.

لە میانی ئەم گفتوگۆ پڕمانا و بنیاتنەرانەیەدا کە بووە جێگەی سوودی ئامادەبووان، بەڕێز سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، چەند سەرنج و تێبینییەکی گرنگی پەیوەست بە پرسەکانی خێزانەوە خستەڕوو. بەڕێزیان جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە کۆڕ و سیمینارانە پێویستییەکی گرنگ و هەنووکەییە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی خێزانەکانمان.

لە کۆتاییدا، وەک ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی ڕێکخراوی خێزانی ئاسوودە دەکەین بۆ بانگهێشتنامەکەیان و ڕێکخستنی ئەم جۆرە سیمینارە بەنرخانە کە خزمەت بە کۆمەڵگاکەمان دەکات. هەروەها سوپاس و دەستخۆشی بۆ وێنەگر کاک هێرمان عەبدولڕەحمان بۆ چرکاندن و پاراستنی وێنەکانی ئەم چالاکییە.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button