ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵگای کوردی باکوری ڕۆژئاوا – لیڤەرپوول کرد
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بارەگای سەرەکی خۆی لەشاری وێستبڕۆمیچ ، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی کۆمەڵگای کوردی باکوری ڕۆژئاوا – لیڤەرپوول کرد.
شاندی میوان، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان هەڤاڵ ئۆزگور (بەرپرسی پەیوەندییەکان)، (هەڤاڵ لقمان -سێڤێ زەر) – بەرپرسی کاروباری هونەری، و هونەرمەندی موزیکژەن خاتوو (ئیمراک ئیقبال)، لەلایەن بەڕێزان گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد و ئاراس بلباس، سکرتێری ڕێکخراو، پێشوازییان لێکرا.
لە میانەی دیدارەکەدا، سوپاسی گەرمی شاندی میوان کرا بۆ سەردانەکەیان و پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێکی جوان بە ڕێکخراوەکەمان وەک دیارییەک. هەروەها، ستایشی بەشداریی کاریگەری گروپی موزیکی “ڕۆژا نوو” کرا لە مەراسیمی هاتنی بەڕێز دێریک ئەندرسۆن، کە نماییشەکەیان بووە جێی سەرنجی نوێنەری پاشا و ئامادەبووان.
دواتر، گفتوگۆ کرا دەربارەی میکانیزمەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی کاری هاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگای کوردی. ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لە داهاتوودا دەربڕی. لە بەرامبەردا، شاندی میوان کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانیان بەرز نرخاند.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەک هێمایەک بۆ ئامانج و خەباتی هاوبەش، بەڕێز گۆڤە ئەحمەد مەدالیای ئاڵای کوردستانی پێشکەش بە شاندی میوان کرد.




