“پاراستنی منداڵ و دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر – سیمینارێکی گرنگ لە بێرمینگهام”
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا، ڕۆژی 4ی ئەیلوولی 2025، لە شاری وێست بڕۆمیج ـ بێرمینگهام سیمینارێکی تاتبەت و گرنگی لەژێر ناونیشانی “پاراستنی منداڵ و بنیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و ژیانێکی شایستە بۆ نەوەکانمان” ڕێکخست. ئەم سیمینارە بەڕێز خاتوو ناسک ئیسماعیل غەریب، شارەزای بواری پەروەردە، بەڕێوەی برد.
خاتوو ناسک ئیسماعیل غەریب لە سیمینارەکەدا تیشکی خستە سەر گرنگییەتی پەروەردەکردنی منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داهاتوویەکی گەشتر. هەروەها، بە وردی باسی لە گرنگییدان بە پەروەردەی منداڵ و چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردنی دایک و باوکان و گەورەساڵان لەگەڵیان کرد. لە پاڵ ئەمانەشدا، خاتوو ناسک باسی لە چۆنیەتی خۆگونجاندنی منداڵان لەگەڵ کلتوری کوردی و کلتورە جیهانییەکان کرد.
هەروەها، ئاماژە بە شێوازەکانی پاراستنی منداڵان و ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنێکی تەندروست و گرنگیدان بە زمانی دایک کرا.
ئامادەبووان بەشدارییەکی کارایان لە گفتوگۆکانی سیمینارەکەدا کرد، ئەمەش بووە هۆی دەوڵەمەندکردنی سیمینارەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەنێوان بەشداربوواندا.
جێی ئاماژەیە، کەناڵەکانی کوردسات و UK KURDISH NEWS ڕاستەوخۆ ڕوماڵی سیمینارەکەیان کرد، ئەمەش دەریدەخات کە بابەتەکە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.
شایەنی باسە، ئەم سیمینارە بە هاوکاری ڕێکخراوی منداڵان پارێزانی کوردستان ڕێکخرابوو، کە ئەمەش نیشانەی کارکردنی پێکەوەیی و هەماهەنگییە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد هەمیشە هەوڵ دەدات چالاکیی لەم شێوەیە ئەنجام بدات کە خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و هۆشیاریی زیاتر بڵاو بکاتەوە، لەبەر ئەوە ئەم جۆرە چالاکییانە لە ئەولەویەتی کارەکانماندایە.

