پەنابەرانهەواڵوتار و بابەت

نامه‌یه‌ك بۆ فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق.

بەرێز کاک فوئاد حوسێن،سڵاو،نازانم ئەم نامەیەم دەگات پێت یان نا،بەڵام بە هیوام پێت بگات و باشیش لێی تێبگەیت .

ڕەنگە لە هەرکەسێک زیاتر من هەست بەو ترس و قەلەقیە بکەم کە لە ناو نەتەوەکەی تۆدا لە تاراوگە بڵاو بۆتەوە ،ئەمە تەنها بەریتانیا نا،بەڵکو زۆرێک لە وڵاتەکان ئێستا جەنابت بۆ ئەو کوردانەی تیایدا پەناهەندەن و چاوەروانی مافی مانەوەن، بوویتە بەمەترسی بۆ سەر گیان و ئایندەشیان.

بەلامەوە زۆر ئاسایی بوو سەرۆک وەزیرانی عێراقی (عەرەبی)سەرەتای ئەم ساڵ واژۆی لەسەر رێکەوتنامەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق کرد بۆ پرسی کۆچبەری ،چونکە هەم سودمەندی یەک ملیۆن یۆرۆ بوو،هەم بۆ هەموو ئەوانەی بە درێژای سەد ساڵی ڕابردوو وەک محمەد شیاع سودانی بوونە،ئامانجیان قرکردنی کورد بووە ،بە کوشتن ،زیندان ،زیندە بەچاڵکردن ،ئێستاش بە برسی کردن ،بەڵام ئەوەی بۆ من یان هەر کوردێکی تر قورس بێـت،تۆیت ،تۆیەک کە کوردیت و نوێنەری کوردیت لە بەغداد .

بەرێز کاک فوئاد ،وە نەبێت نەزانم و تێنەگەم پێگە و مەکانی تۆ وەک وەزیری دەرەوەی عێراق چییە,دەزانم ئەم رێککەوتنانە بەشێکە لە ئەرکەکەت وەک وەزیری دەرەوە،بەڵام ئەوەی بۆ من یان هەر کوردێکی تر نیگەرانی و گلەییە ئەوەیە دەبوو نوێنەرایەتی کورد بکردایە،لانی کەم پۆلێنکاری پەنابەری کورد و عەرەب بکردایە ،دەبوو رونت بکردایەتەوە کورد بۆ کۆچ دەکات،دەتتوانی خۆ ئەوە ڕوون بکەیتەوە کە بۆچی ئەوەندە کورد هەڵدێن. دەکرا بە هاوتاکانت – و جیهانیش – بڵێیت کە گەنجانی کورد لە خۆشی هەڵنایەن،بەڵکو لە نەهامەتی.ئەوانەی تا دوێنێ ،لەگەرەکە هەژار نشینەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و سۆران و زاخۆ و دهۆک و قەڵادزیەو رانیەو هەر شوێنێکی تری ئەو کوردستانە ئاوارە دەبن ،بۆ دەبن و چۆن دەبن و کێن کە دەبنە پەنابەر؟ .

جەنابی وەزیر، ئەو پەنابەرە کوردانەی کوردستان بەجێدەهێڵن، بە گیرفانی پڕ و ئیمتیازێکی شاهانە و ئاسوودەیی ناژین،وەک هەندێک لە بەرپرسان. بەڵکو بە سکێکی برسی و گیرفانێکی خاڵی و جامتایەکی پر لەخەونە نەهاتووەدیەکانیانەوە گەنجێتیان و دایک ونیشتمانیان جێدێلن و بەناو سەرما و شەکەتی رێگا و شەر لەگەڵ شەپۆلەکانی دەریا و خەوتنی سەر شەقامەکانی وڵاتان دەگەنە وڵاتێکی ئەوروپی،نیگەرانیەکە یان راستر بڵێم ماندوی و برسێتی و سەخی رۆژگاری گەنجی کورد تا ئێرە نیە،بەڵکو کە دەگەن،ئەوەندەی تر ئازاری حکومەتەکان و سیاسەتە پەنابەریەکان و چاوە پر رقەکان و دەردی غوربەتیان روو بەروو دەبێتەوە .

جەنابی کاک فوئاد ،ئەگەر عێراق عەرەبە کۆچبەرەکانی وەردەگرێتەوە،ئەمە نەکێشەی منەو نە بۆشم گرنگە،چونکە ئێمە لای عەرەب هەر بونمان نیە تا منیش بەهایەکی هەبێت بۆم گەرانەوەی ئەوان،بەڵام بۆ کوردەکان ئازار دەچێژم،هەر ماوە ناماوەیەک بوونەتە گورگ و ئەوانیش گیسکی هەیاس،ئایا تۆ دەزانی بەسەرهاتی گیسکی هەیاس چی یەو بۆلێرەدا بەنمونە بۆت دێنمەوە؟.

جەنابتان دەتەوێت ئاوارە کوردەکان بگەڕێنەوە؟ قەیچێکە،هیچ کەس لاری لەوە نیەو . کەس ڕقی لە زێدی خۆی نییە.بەڵام لێرەدا هەندێک لەو هۆکارانەت پێدەڵێم کورد بۆکۆچ دەکات،ئەگەر ئەمە چارەسەر بوو نەک بێ ئیقامەکان،بەڵکو ئەوانەی رەگەزنامەکانیش هەیە دەگەرێنەوە .

١-بێکاری بەربڵاو و دواکەوتنی مووچە و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ڕاوی ملیۆنان کەسی ناوە کە لە وڵاتانی بێگانە بەدوای کەرامەتدا بگەڕێن.

٢-زۆرجار بەرپرسانی کورد لە بەغدا بێدەنگن. لەبری ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندی گەلەکەیان بکەن، دەبنە بەشێک لە سیستەمێک کە پەراوێزیان دەخات وەک ئەوەی دەبینی سێ مانگە حکومەتەکەی تۆ موچەی نەداوە.

٣-سەرچاوەکانی حکومەت لەلایەن نوخبەیەکی سیاسییەوە قۆرخ دەکرێن. زۆربەی کورد و بەتایبەت گەنجان هیچ ڕێگایەک بۆ پێشەوە نابینن تا نەڕۆن و نیشتمان جێنەهێڵن.

٤-خەونەکانی سەربەخۆیی کاڵ بوونەتەوە. ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بووەتە شتێکی بەرگە نەگیراو. خەڵک چیتر باوەڕیان بەوە نییە سەرکردەکانیان هیچ شتێک بگۆڕن.

٥-زۆرێک ناچارن نەک تەنها لە هەژاری، بەڵکو لە سەرکوتکردن هەڵبێن. بۆ ئەوان دەربەدەری تاکە ڕێگایە بۆ مانەوە لە ژیان.

بەرێز کاک فوئاد،رەنگە ئەم پلانەش وەک پلانەکانی دیکە سەر نەگرێت،بەڵام دواجار نە مێژوو نە زاکیرەی مرۆڤەکان ئەوانە لە یاد ناکەن،کە ئازاریان داون .

دوا قسەم جەنابی وەزیر، تۆ دەتوانی زەمان و ئەمانی ئەو کەسە بکەیت کە کێشەی کۆمەڵایەتی هەیە؟، کە بەرپرسە سیاسیەکان ڕاویان ناون نا کوژرێن؟،کە سکی برسیان تێر دەکەن ؟، کە قەرەبووی ژیانێکی پر شەرەفمەندانەیان بۆ دا ئەنێن ؟، کە نایان کەنە گەدای سەرشەقامەکان و کارێکیان دەبێت؟، تۆ ڕێژەی بێکاری دەزانی چەندە ؟، تا ئەم ڕێژەیەش زیاد دەکەی بۆ کوردستان ؟!.

بەڵام پێم وانیە تۆیەک کە لە ژیانی شاهانە دەژی، گوێیەک هەبێت بۆ بیستنی دەنگی هەژارەکان و غەریبەکان .

نەبەز بازیانی

#uknews
#KurdishCommunity
#پەنابەرانی_کورد
#ريكخراوى_روشنبيرانى_كورد_بەريتانيا
#مالی_کوردانی_بەریتانیا
#everyonehighlightsfollowers

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button