UK NEWSپەنابەرانجیهانڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستهاواڵی جیهانیهەواڵ

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەیان هاوڵاتی عێراقییان دیپۆرت کردەوە!

ڕۆژی سێشەممە، بەرپرسانی ئەڵمانیا لە ڕێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە لە شاری لایپزیگی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە ٤٣ هاوڵاتی عێراقییان دیپۆرتکردەوە بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق. ئەم هەواڵە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و وەزارەتی کۆچی ویلایەتی تورینگن، کە سەرپەرشتی پرۆسەکەی کردووە، پشتڕاست کرایەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “بێڵد”ی ئەڵمانی، ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە ئامانجیان بریتییە لە: “زیادکردنی فشارەکان لە پرۆسەکانی دیپۆرتکردنەوەدا، ئەنجامدانی ڕێککەوتنی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی سێیەم، و شکاندنی لۆژیکی تۆڕەکانی قاچاخچێتی.”

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کۆچی تورینگن، ئەو ٤٣ کەسەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون، پیاوی سەڵت بوون و پێویست بووە وڵات بەجێبهێڵن، هەندێکیان خاوەنی پێشینەی تاوانکاری بوون. لەو ژمارەیە، ١٤ کەسیان پێشتر لە ویلایەتی تورینگن ژیاون، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە لە حەوت ویلایەتی دیکەی ئەڵمانیاوە هاتوون.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (د پ ئا) لە سەرچاوەکانی ناو فڕۆکەخانەی بەغداوە زانیویەتی کە دوای گەیشتنی گەشتەکە بۆ بەغدادی پایتەخت، دیپۆرتکراوەکان سەرەتا ڕێوشوێنی فەرمی هاتنەناوەوەیان بۆ ئەنجام دراوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی پرۆسەی پێشوازییکردندا پڕۆتۆکۆلی ئەمنی توند جێبەجێ کراوە، بەڵام ئاشکرا نەکراوە کە دواتر بۆ کوێ گواستراونەتەوە.

بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی “فلایت ڕادار ٢٤”، فڕۆکەکە کاتژمێر ١٠:٥٢ خولەکی بەیانی (بە کاتی ناوخۆ) بەرەو بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێکەوتووە. هەروەها بەپێی داتاکانی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، سەرنشینەکان بە پاسی بچووکی پۆلیس و دوو پاسی گەورەتری فڕۆکەخانە گواستراونەتەوە بۆ ناو فڕۆکەکە و کارمەندانی پۆلیس بە تاک تاک سەرنشینەکانیان تاوەکو پلیکانەی فڕۆکەکە یاوەری کردووە.

شایەنی باسە، ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕابردوو گەشتێکی تری دیپۆرتکردنەوەی لە فڕۆکەخانەی لایپزیگەوە بۆ ئەفغانستان ئەنجامدا. بە وتەی بەرپرسان، ٨١ هاوڵاتی ئەفغانی کە بە تاوان سزا درابوون، لەناو فڕۆکەکەدا بوون. ئەمە دووەم گەشتی دیپۆرتکردنەوە بوو بۆ ئەفغانستان لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە مانگی ئابی ٢٠٢١.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوودا ٨١٦ هاوڵاتی عێراقی دیپۆرت کردووەتەوە. هەندێکیان بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا نێردراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەنابەرییان، لە کاتێکدا ٦١٥ کەسیان ڕاستەوخۆ بۆ عێراق گواستراونەتەوە. هەروەها لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، ٤٧ کەس لە شاری هانۆڤەرەوە بۆ عێراق دیپۆرت کرانەوە.

سەرچاوە: سکای نیوز عەرەبییە – ئەبوزەبی

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button