UK NEWSچالاکیهەواڵ

: قائیمقامیەتی هەڵەبجە پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کرد

هەڵەبجە –

لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، قائیمقامیەتی هەڵەبجەی شەهید پێشوازییەکی گەرمی لە شاندێکی باڵای “ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد” کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢ی تەمموزی ٢٠٢٥، شاندەکە بە سەرۆکایەتی بەڕێز گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراو، و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، سەردانێکی فەرمییان بۆ بارەگای قائیمقامیەت ئەنجامدا. لەوێ لەلایەن بەڕێز سمکۆ سالار مشیر، قائیمقامی هەڵەبجە، پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا، قائیمقامی هەڵەبجە وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی کۆمەڵگای کوردی لە تاراوگە کردەوە لە پاراستن و گەشەپێدانی زمان و کلتووری کوردی و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.

لەلایەن خۆیەوە، شاندی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد پوختەیەکیان دەربارەی کار و پڕۆژە نەتەوەیی، کلتووری، زانستی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە شارە جیاجیاکانی بەریتانیا خستەڕوو. هەروەها ئاماژەیان بە پلانی داهاتوویان کرد بۆ بەهێزکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کوردانی دانیشتووی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و وەک ڕێزگرتنێک لە خزمەت و دڵسۆزییەکانی لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەڵەبجە، بەڕێز گۆڤە ئەحمەد بە ناوی ڕێکخراوەکەوە خەڵاتێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بەڕێز سمکۆ سالار مشیر کرد.

قائیمقامی هەڵەبجە سوپاسی شاندەکەی کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هاوکاریی زیاتر لە بوارەکانی کلتوور، پەروەردە و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیدا کردەوە.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button