ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کۆڕێکی زانستیی گرنگی دەربارەی ئەرشیفی کوردستان لە بەریتانیا سازکرد.

لە درێژەی کار و چالاکییە بەردەوامەکانیدا، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کاتژمێر ٢:٠٠ی دوای نیوەڕۆ، لە شاری وێست برۆمیچ و لە هۆڵی ئورفا، کۆڕێکی زانستیی پڕ بایەخی بۆ بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕەنجدەر محەمەد عەزیز، توێژەر، وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ، لەژێر ناونیشانی “کورد و کوردستان لە ئەرشیفی حکومەتی بەریتانیا”دا ڕێکخست.
کۆڕەکە بەئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی ڕۆشنبیر و جالاکوان بەڕێوەچوو، تێیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕەنجدەر محەمەد بە وردی تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگ و سەرنجڕاکێش سەبارەت بە دیکۆمێنت و بەڵگەنامە مێژووییەکانی تایبەت بە کورد و کوردستان کە لە ئەرشیفخانە و مۆزەخانەکانی بەریتانیادا پارێزراون، شیکردنەوەی زانستی بۆ کردن و گرنگیی ئەو سەرچاوانەی بۆ مێژووی کورد خستەڕوو.
کۆڕەکە بووە مایەی گفتوگۆیەکی زانستی و پڕ زانیاری لەنێوان ئامادەبووان و بەڕێز پڕۆفیسۆردا، کە تێیدا چەندین پرسیار و سەرنجی گرنگ ئاڵوگۆڕ کران. ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد و بەڕێز دکتۆر ڕەنجدەر محەمەد کرد بۆ سازدانی ئەم کۆڕە بەپێزە، کە هەنگاوێکی گرنگە لەپێناو ئاشناکردنی نەوەی نوێ و کۆمەڵگەی کورد بەمێژوو و ناسنامەی خۆیان لە ڕێگەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە.
لەکۆتایدا بەڕێز ئاراس بلباس سکرتێری ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد جەختی لەسەر بەردەوامبوونی چالاکییە هاوشێوەکانی کردەوە، بە ئامانجی خزمەتکردن بە بوارەکانی ڕۆشنبیری، مێژوو، و زمان و ئەدەبی کوردی.