لە ئۆفیسی KCO یادی شەهید سەردەشت عوسمان کرایەوە و داوای ئازادی بۆ شێروان شێروانی کرا
بۆ بەرز ڕاگرتنی ١٦هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و خوێندکار (سەردەشت عوسمان)، مەراسیمێکی شایستە لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO) بەڕێوەچوو کە لەلایەن ڕێکخراوی ١٧ی شوباتەوە ڕێکخرابوو.
لە مەراسیمەکەدا، بەڕێزان دکتۆر گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراو و ئاراس بلباس، سکرتێری ڕێکخراو، وتاریان پێشکەش کرد. لە وتارەکانیاندا، تیرۆرکردنی شەهید سەردەشتیان وەک تاوانێکی قێزەون و دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان لەقەڵەم دا و جەختیان لە پێویستیی دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی بکوژانی ڕاستەقینەی کردەوە.
هەر لە میانی ئەم مەراسیمەدا، تیشک خرایە سەر دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان. بەشداربووان بە توندی ئیدانەی بەردەوامیی تیرۆری فیکری و بەسزانەگەیاندنی بکوژانی ڕۆژنامەنووسانیان کرد. هاوکات، مەراسیمەکە بووە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر سزادانی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) و ڕەفتاری دەزگا ئەمنییەکان بەرانبەری؛ تێیدا داواکرا بەزووترین کات بەدەم داواکارییەکانییەوە بچن و ئازاد بکرێت.
ئەم چالاکییە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردە لە پشتگیریکردنی دەنگی ئازاد و داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.


