UK NEWSUncategorized @kuئاگاداریپەروەردەییپەنابەرانجیهانچالاکیزمانڕاپۆرتڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستژنان و پەرەپێدانفەرهەنگ و کەلتوورفێربوون و تەكنەلۆژیامێژوو جوگرافیاهاواڵی جیهانیهەواڵهونەر و ڕۆشنبیریوتار و بابەت

کوردەکانی بەریتانیا: بەشێک لە چارەسەر، نەک کێشە


لە باره‌گای سه‌ره‌كی ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد-به‌ریتانیا، ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2025، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو کە تیایدا نزیکەی 12 کەسایەتی كورد له‌ بەریتانیا لە پارێزەر، مامۆستای ئاینی و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداریان کرد، ئەم دیالۆگە ڕاستەوخۆیە دەرگایەک بوو بۆ باسکردنی پرسیارێکی گرنگ: بۆچی کۆمەڵگەی کوردی لە بەریتانیا كه‌وتۆته‌ نێو گێژاوی كێشه‌وه‌؟
له‌م كاته‌دا كه‌ گەنجی کورد لە بەریتانیا ڕووبەڕووی کێشەی ناسنامە و كێه‌شی جۆرا و جۆر دەبنەوە، لە لایەکەوە، هەوڵدەدەن بەشێک بن لە کۆمەڵگەیەکی بەریتانی کە هەندێک جار وەک “بیانی” سەیری دەکرێن و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سه‌رقاڵی كاركردن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جۆره‌ها كێشه‌ ڕووبه‌ ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ بەڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسیاری سەرەکی ئەمە بوو: بۆچی کوردەکان بە تایبەتی بوونەتە نیشانە؟
لە کۆبوونەوەکەدا، بەشداربووانی باسیان لە چەند فاکتەرێک کرد:
١. میدیای هەڵخەڵەتێنەر: هەندێک جار میدیا ڕاپۆرتی نادروست یان یەکلایەنە دەردەکات کە تەواوی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو لەژێر سێبەری گومانەوە دادەنێت، کاتێک کەیسێکی نەرێنی تاوان ڕوودەدات و پەیوەندی بە تاکێکی کوردەوە هەیە، ئەوە گەورە دەکرێتەوە و وەک “کێشەی کوردی” پێناسە دەکرێت.
٢. نەزانینی کلتووری: زۆرێک لە بەریتانییەکان مێژوو و کلتوور و ئازارەکانی گەلی کورد نازانن، ئەم نەزانینە دەبێتە بنەمای تێگەیشتنی هەڵە و دروستکردنی دیواری دەروونی.
٣. کێشەی گەنج: پارێزه‌ری به‌شداربوو ئاماژەی بە ئەوە کرد کە هەندێک لە گەنجە کوردەکان لە بەریتانیا لەبەر نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی، هەستی لادان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان، ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
بەڵام ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوت، ئەمە بوو: زۆرینەی زۆری کوردەکان لە بەریتانیا هاووڵاتیانی بەرپرسیارن، کار دەکەن، باج دەدەن، بەشدار دەبن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و بەردەوامن لە پاراستنی کلتوورەکەیان.
ئەم ڕاستییانە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر کرایەوە:
• بەشداری ئابووری: کوردەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن؛ لە پزیشکی و وێژەیی تاکو بازرگانی و کارگێڕی.
• بەهێزی ئاینی و کۆمەڵایەتی: مزگەوت و ناوەندە کۆمەڵایەتییە کوردییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی نێوان مۆدێرنیتی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان.
• نەوه‌یه‌كی خوێندەوار: زۆر لە گەنجە کوردەکان له‌ ناوه‌نده‌كانی بەریتانیا دەخوێنن و دەبنە بەشێک لە ئاینده‌ی ئەم وڵاتە.
پێویستی بە دیالۆگی بەردەوام
ئەم کۆبوونەوەیە تەنها سەرەتایەک بوو. پێویستە:
• میدیا بە بەرپرسیارییەوە ڕاپۆرت بکات و دوور بکەوێتەوە له‌و پلانه‌ بۆ داڕێژراوه‌.
. • پەروەردە دەربارەی مێژوو و کلتوری کورد لە قوتابخانە و زانکۆکاندا.
• پشتیوانی لە گەنجە کوردەکان بۆ ئەوەی هەست بە دوورکەوتنەوە نەکەن.
• دیالۆگی بەردەوام لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و دامەزراوە بەریتانییەکاندا.
به‌ گشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هێمایەکی هیوابەخش بوو کە گفتوگۆ دەتوانێت پرد بشکێنێت و تێگەیشتن بنیات بنێت. کوردەکان لە بەریتانیا نە کێشەن و نە قەیران، بەڵکو بەشێکن لە فرەڕەنگیی ئەم کۆمەڵگەیە.
ئەگەر بمانەوێت وێنەیەکی ڕاست لە هەر کۆمەڵگایەکمان هەبێت، پێویستە گوێ بگرین، فێربین و دیالۆگ بەردەوام بێت.
گۆڤه‌ ئه‌حمه‌د
سه‌رۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد-به‌ریتانیا

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button