
بێرمینگهام – UKNews
ئەمڕۆ دووشەممە: ١٦حوزەیران ۲٠۲٥
ڕێکخراوی “ڕێگای ئازادی” لە شاری بێرمینگهام سمینارێکی بۆ بەڕێز( ئاسۆی ژیان دۆست) ڕێکخست. سمینارەکە لەژێر ناونیشانی “سەروەری یاسا لەژێر هەژموونی حیزب و عەشیرەت و هۆکاری کۆچی گەنجان” بەڕێوەچوو.
لە سمینارەکەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لەچالاکوانان و ڕۆشنبیرانی نیشتەجێی شاری بێرمینگهام و دەوروبەری ئامادەی بوون،.
بەڕێز ئاسۆی ژیان دۆست تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگ، ناوبراو بە وردی باسی لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی نەرێنی دەسەڵاتی خێڵەکی و حیزبی، گەندەڵی و شێوازی خراپی حکومڕانی دا کە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی گەنجان بیر لە جێهێشتنی وڵات بکەنەوە.
بەڕێز ئاسۆی ژیان دۆست جەختی لەوە کردەوە کە لاوازی سەروەری یاسا و زاڵبوونی بەرژەوەندییە حیزبی و عەشیرەییەکان بەسەر دامەزراوەکاندا، بووەتە مایەی نائومێدییەکی گەورە لەنێو توێژی گەنجدا و پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ کۆچکردنیان.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکانیدا، بەڕێز ژیان دۆست ئامۆژگاری گەنجانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دوای گەیشتنیان بە بەریتانیا، گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و خۆهۆشیارکردنەوەی خۆیان بدەن. هەروەها داوای لێکردن کە دوور بکەونەوە لە هەر کار و چالاکییەک کە لە دەرەوەی یاساکانی وڵاتی خانەخوێدایە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی سەرکەوتوو و ئارام بۆ خۆیان دابین بکەن.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشدارییەکی چالاکانەیان لە گفتوگۆکەدا کرد و دید و بۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتە باسکراوەکان خستەڕوو. سمینارەکە وەک دەرفەتێک بۆ تاوتوێکردنی یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لێ هات و داواکرا کە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دەبنە هۆی کۆچی گەنجان.