ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ ڕێکخراوی بەریتانی (Maison Foo Theatre) ئەنجامدا
داربی، بەریتانیا:
– بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تاووتوێکردنی کاری هاوبەش، شاندێکی باڵای ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد سەردانی ڕێکخراوی شانۆیی ناسراوی بەریتانی (Maison Foo Theatre)یان لە شاری داربی کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا.
شاندی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد پێکهاتبوو لە بەڕێزان: سەرۆک، سکرتێر، بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵایەتی و ئەندامێکی دەستەی باڵا. شاندەکە لەلایەن خاتوو :بێس شێڵدن (Beth Sheldon)، بەرپرسی ڕێکخراوی Maison Foo Theatre، و خاتوو : لاورا وینستن (Laura Winston، بەرپرسی پەرەپێدان و دابینکردنی بودجە (Head of Development & Fundraising)، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. هەروەها بەڕێزان ئاسۆ جەباری و ئەرسەلان زاهیر، وەک دوو ئەندامی چالاکی کۆمەڵگەی کوردی لە شاری داربی، ئامادەی دیدارەکە بوون.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخراوی Maison Foo Theatre خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوێکی کوردیی کارا وەک ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-یان بە هەنگاوێکی گرنگ و بنچینەیی بۆ کاری هاوبەشی داهاتوو وەسف کرد.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هەردوو لا تیشکیان خستە سەر کار و چالاکییەکانی یەکتر و ئاماژەیان بە بوونی چەندین خاڵی هاوبەش لە ئامانج و پڕۆژەکانیاندا کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی خزمەتکردنی کۆمەڵگاکانی پەنابەران و کەمینەکان. لەم چوارچێوەیەدا، سەرنج خرایە سەر لاوازی بەشداریی بەشێک لە کوردانی دانیشتووی شارەکە لە چالاکییە گشتییەکاندا، کە ئەمەش وەک خاڵێکی جێگەی نیگەرانی هەردوو لا بوو.
شاندی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەر کار و چالاکییەکی هاوبەش لە داهاتوودا نیشاندا. هەروەها گفتوگۆیەکی ورد کرا لەبارەی چەندین بابەتی گرنگ کە تایبەت بوون بە کێشە و پێداویستییەکانی پەنابەران، و پێشنیازی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش کرا کە بتوانێت خزمەتێکی بەرچاو بەو توێژە بکات.