UK NEWSپەروەردەییپەنابەرانچالاکیزمان

‎ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد و وەزارەتی پەروەردە، پرۆژەی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی خوێندکارانی دەرەوەی وڵات تاوتوێ دەکەن

هەولێر – ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥

ڕۆژی چوارشەممە، بەڕێز ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە شاندێکی باڵای “ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد” کرد کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز گۆڤە ئەحمەد و ئەندامێتی هەریەک لە بەڕێزان ئەلەند خامۆش و دارا حەسەن (شێخ دارا)، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، پێکهاتبوون.

لە دیدارێکی دۆستانە و گرنگدا، هەردوولا بە وردی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی گشتیی پەروەردە و پرۆسەی فێرکردن لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرەپێدانی سیستەمی خوێندن و بەهێزکردنی ژێرخانی فکری و پەروەردەیی کردەوە.

کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد چەند پێشنیازێکی گرنگی خستەڕوو کە تایبەت بوون بەو خوێندکارە کوردانەی دانیشتووی دەرەوەی ووڵاتن. بریتی بوو لە پێشنیازی هەژمارکردنی ئەو بڕوانامانەی لەقوتابخانە کوردیەکانی دەرەوەی ووڵات بەدەستی دەهێنن و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان سود لەماندوبون و ساڵەکانی خوێندنیان ببێنن.

هەروەها بەئامانجی پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەییان، پێشنیازی کردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی نوێی تایبەت بەزمانی کوردی لەووڵاتی بەریتانیا تاوتوێ کرا.

لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری پەروەردە ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە کاریگەریی چالاکییەکانیان کرد لەسەر پێشخستنی بیری پەروەردەیی و ڕۆشنبیری لەناو کۆمەڵگەدا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەک ڕێزلێنانێک لە خزمەتە بەرچاوەکانی لە بواری پەروەردەدا، بەڕێز گۆڤە ئەحمەد سەرۆکی ڕێکخراو، خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ڕێکخراوەکەی پێشکەش بە بەڕێز وەزیری پەروەردە کرد.

لە بەرامبەردا، بەڕێز ئالان حەمە سەعید سوپاسی ئەم ڕێزلێنانەی کرد و جەختی لەسەر ئامادەیی وەزارەتەکەی کردەوە بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان.

‎ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد یەکێکە لە ڕێکخراوە چالاکەکان لە بواری ڕۆشنبیری و پەروەردەدا و خاوەنی چەندین چالاکی و پڕۆژەی جۆراوجۆرە کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و خزمەتکردنی کایەی فێرکردنە لە کوردستان و دەرەوەی ووڵات.

 

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button