UK NEWSپەنابەرانجیهانچالاکیڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستهاواڵی جیهانیهەواڵهونەر و ڕۆشنبیریوتار و بابەت

‎ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد: ئیدانەی سزای سیاسییانەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەکات

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، بە پشتبەستن بە پڕەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و باوەڕێکی پتەو بە ئازادیی ڕادەربڕین و سەروەریی یاسا، سزای دووبارە سەپێنراوی نادادپەروەرانە بەسەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بۆ چوار ساڵ و پێنج مانگی تر “بە توندی ئیدانە دەکات”. ئەمە نەک تەنها پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو کاریگەرییەکی نەرێنی قووڵی هەیە لەسەر دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دادپەروەری لە هەرێمدا.
بە قووڵترین نیگەرانییەوە، چاوەڕوانی بڕیارێکی دادپەروەرانە و ئازادکردنی بەڕێز (شێروان شێروانی) بووین، بەڵام بەداخەوە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی بە تەواوی دوور بووە لە بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری. ڕایدەگەیەنین کە ئەم دادگاییە زیاتر لایەنێکی سیاسی هەبووە نەک یاسایی، و لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی حیزبیدا بەڕێوەچووە، بە شێوەیەک کە بڕیارەکەشی هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاقیاتی دادوەری و بنەما یاساییەکانەوە نییە.

مایەی پەرۆشی و نیگەرانییەکی زۆرە، کە لە هەرێمێکدا بانگەشەی پابەندبوون بە دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا دەکرێت، بەڵام پرۆسەی دادوەری بە شێوەیەکی ئاشکرا دەکرێتە ئامرازی سیاسی. ئەم جۆرە مامەڵەیە، نەک تەنها پێشێلکردنێکی زەقی بنەماکانی دادپەروەرییە، بەڵکو متمانەی گشتی بە سیستەمی دادوەری لەناودەبات و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بێ متمانەیی و نائارامی لەناو هاووڵاتیاندا.

کاتێکدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چەندین وڵات بە ڕوونی ئاماژە بە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و کەیسی بەڕێز شێروان شێروانی دەدەن و لە هەمان کاتدا چەندین ڕێکخراو بە ڕاپۆرتی تایبەت ئاماژەیان بە دەستتێوەردانی سیاسی لە دۆسییەیەکدا دەکەن و سەرەڕای ئەوەیش دامەزراوەی دادوەری بەردەوام دەبێت لە خنکاندنی دەنگی ئازاد و فیکری ڕەخنەگرانە، ئەوا ئەمە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ بێئومێدییەکی گشتگیر و کۆچی توانستە مرۆییەکان بە تایبەتی گەنجان کە سەرچاوەی داهاتووی وڵاتن. ئەم دۆخە نیشاندەری ژێردەستەبوونی دامەزراوە ئەمنیی و دادوەرییەکانە بۆ بەرژەوەندی و هەژموونی حیزبایەتی، کە لە ئەنجامدا شکۆ و مافی هاووڵاتیان پێشێل دەکات.

لەم سۆنگەیەوە و لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری، و “بە هیوای ئازادی بۆ بەڕێز شێروان شێروانی و گەڕانەوەی بۆ ماڵە پڕ تریفەکەی و لە ئامێزگرتنی منداڵە چاوگەشەکانی و ڕووناکبوونەوەی ماڵە خامۆشەکەیان” داوا دەکەین:

1. شێروان شێروانی دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
2. دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکان بە تەواوی سەربەخۆ ببن و لە کاریگەریی سیاسیی حیزبایەتی دوور بخرێنەوە، بۆ ئەوەی هەیمەنەی خۆیان بپارێزن و چیتر گەنجانی بێ تاوان ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و نادادپەروەری نەبنەوە.
3. پێویستە شکۆی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و گەنجان بەبێ تاوان لە ژێر فشار و چەوساندنەوە نەبن.
4. ئازادیی ڕادەربڕین و فیکر بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، بەبێ جیاوازی، گەرەنتی بکرێت.

ئازادیی فیکر و ویژدان، تەنها بناغەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو نییە، بەڵکو تاکە ڕێگایە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووناکی و بنبڕکردنی تاریکی.

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد

چوارشەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥

زانیاری زیاتر:

🔺 شێروان شێروانی، کە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانە.

🔺 ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ دادگەی بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر، بە بڕیاری دادوەر سزای زیندانیی چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە بۆ چالاکڤانی حوکمدراو شێروان شێروانی دەرکرا.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button