چاکسازی بەریتانیا بەرەو دادگا دەڕوات بۆ داخستنی هوتێلی پەنابەران
پارتی چاکسازی بەریتانیا بەنیازە ژمارەیەک تەحەدای یاسایی ئامادە بکات بۆ داخستنی هۆتێلەکانی پەنابەران لەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لە خزمەتی پەنابەراندا بەکار دەهێندرێن.
ئەو پارتە کە نایجل فاراج یەکێک لە کاراکتەرە دیارەکانیەتی و بە کەسێکی دژە کۆچبەر و رەگەزپەرست ناسراوە، تیمێکی پارێزەرانی دەستنیشانکردووە بۆ ئامادەکردن و پێداچوونەوەی دادوەری کە مەبەست لێی رێگری کردنە لە کردنەوەی هوتێلی نوێی پەنابەران لەو ١٠ ئەنجوومەنەی کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا کۆنتڕۆڵی کردووە.
لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت ئەو هوتێلانەش دابخات کە ئێستا پەنابەرانی لەخۆ گرتوون، لەئێستادا تیمێکی بەهێزی پارێزەرانی دەستنیشانکردووە بۆ سەرکردایەتی کردنی ئەو هەوڵانەی کە بەنیازە لەچەند رۆژی داهاتوودا بیدات.
محەمەد زیادەدین یوسف سەرۆکی پارتی چاکسازی بەریتانیا بە میدیاکانی بەریتانیای راگەیاندووە، بەرەنگاری بڵاوەپێکردنی هەزاران کۆچبەری نایاسایی دەبنەوە، چونکە پارتی کرێکاران خیانەتی لە دەنگدەرانی کردووە و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە هەندێک لە باشترین پارێزەرانی بەریتانیا بەبێ بەرامبەر کار لەگەڵ چاکسازی دەکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم حکومەتە ترسناکە، خەڵک سەریان سوڕ دەمێنێت لە کارەکانی تیمی ناوەزەی پارێزەرەکان.
دەشڵێت بەهەموو شێوەیەک شەڕی پارتی کرێکاران دەکەن بۆ پاراستنی دەنگدەرانی ناو ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی چاکسازی.
محەمەد زیادەدین ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان ئاگادارکردنەوە دەدەنە خاوەن خانوو و هوتێلەکان، پێیان دەڵێن ئەگەر تۆ خاوەن هوتێل یان خاوەن خانوویت لەناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی چاکسازی، چاوەڕوانی کار ئاسانی مەکە ئەگەر خیانەت لە وڵاتەکەت دەکەیت.
سەرۆکی پارتی چاکسازی پێی وایە ئەنجوومەنە خۆجێیەکان دەتوانن تەحەدای یاسایی لەدژی بڕیارەکانی حکومەت بخەنەڕوو و کاریگەری دروست بکەن، هەروەها لەلای ئەوان چاکسازی چانسێکی بەهێزی هەیە بۆ سەرکەوتن لەم جۆرە تەحەددیانە و سەرۆکی پارتەکە کەیسێکی ساڵی ٢٠٢٢ بەنمونە دەهێنێتەوە کە تێیدا ئەنجوومەنی ناوچەی گریت یارمۆس رێگری لە کردنەوەی هوتێلەکانی پەنابەری لەکەناری دەریای مێژوویی شارۆچکەکەدا کردووە.
لەلایەکی تریشەوە لەساڵی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی خۆجێیی ناوچەی رۆژئاوای لیندسی لە لینکۆڵنشایر هەوڵیدا پلانەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان لە بنکەیەکی ناوخۆیی رابگرێت، بەڵآم داواکاری ئەنجوومەنەکە لەلایەن دادوەرێکی باڵا رەتکراوەتەوە.
لەدوای سەرکەوتنی پارتی چاکسازی لە هەڵبژاردنی خۆجێی بەریتانیادا لە چەند هەفتەی رابردوو، پارتەکە جموجۆڵێکی زۆری دەست پێکردووە و کەیسی پەنابەران دژی حکومەتەکەی کەی ستامەری سەرۆکی پارتی کرێکاران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەکار دەهێنێت، لەیەکەم هەنگاویشیاندا بڕیارە داخستنی هوتێلەکان بباتە دادگاکانی بەریتانیا.
پارتی کرێکارانی بەریتانیاش کە ئێستا حکومەتی بەریتانیایان لەژێر دەستە، ماوەی چەند رۆژێکە سەرقاڵی داڕشتنی چەند پڕۆژە یاسایەکی نوێن، کە بەشێکی زۆریان تایبەت دەبن بە کۆچبەران و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کەی ستامەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پڕۆژە یاساکان رابگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت رێو شوێنەکانی هاتنی کۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەری قورستر بکرێت، کە بەپێی هەواڵێکی دزە پێکراو لەناو پارتەکەی کەی ستامەردا یەکێک لە پڕۆژە یاساکان تایبەت دەبێت بە پێدانی مافی پەنابەری و مەرج دادەنێن لەسەر ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن پێویستە هاوشێوەی کەسێکی ئینلگیز بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن و لێی تێبگەن.
توانا عومەر