ئەمڕۆ لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO)، لەلایەن بەڕێزان (ئاراس بلباس) سکرتێری ڕێکخراو، مامۆستا (بەکر ماوەتی) بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵایەتی، هەروەها بەڕێزان (کاک عەزیز)، (مامۆستا گەرمیان) و خاتوو (ئاڵا ئەحمەد)، بەگەرمی پێشوازی کرا لە وەفدی میوان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (Pastor Simon Bhardwaj) و پرۆفیسۆر (دکتۆر ئیدریس بەدرخان) نوێنەرانی Bilston Resource Centre سەنتەری سەرچاوەکانی بیڵستۆن (BRC).
لە میانی ئەم سەردانەدا، بەگشتی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار کرا لەسەر چۆنیەتی کاری ڕێکخراوەیی و هەروەها هەماهەنگی لەنێوان ڕێکخراوەکاندا و خزمەتکردن بە کۆمەڵگای بەریتانیا. هەروەها تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ بۆ داهاتوو، لەوانە بەهێزکردنی گیانی هەماهەنگی، پشتیوانیی هاوبەش، و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورە و چالاکییە کلتوورییەکان لە ئاییندەدا.
لە بەشێکی دانیشتنەکەدا، بەڕێز (Pastor Simon Bhardwaj) جەختی لە گرنگیی کاری پێکەوەیی و گیانی تیم کردەوە و دەستخۆشی لە چالاکی و خزمەتە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی (KCO) کرد. هاوکات ئەنجومەنی باڵای (KCO) سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم سەردانە گرنگە دەربڕی و بەرز دەیانڕوانییە خزمەتەکانی (BRC).
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو ڕێکخراوی (KCO) و (BRC) ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش بە ئامانجی باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵگا.





