ً”پرسەنامەیەک بۆ نەرمین قادر و ڕەخنەنامەیەک بۆ ویژدانی خەوتووی بەرپرسان”

بەناوی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردەوە
بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی ماڵئاوایی هونەرمەند، خاتوو (نەرمین قادر)، ڕادەگەیەنین. ئەم هونەرمەندە تێکۆشەرە، پاش نیو سەدە خزمەتکردن بە شانۆ و هونەری کوردی، و دوای ململانێیەکی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، سەرئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (٢٠٢٥/٨/٥) لە شاری سلێمانی، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتی پەراوێزخستن و نەداری، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
کۆچی خاتوو نەرمین، تەنها لەدەستدانی هونەرمەندێک نییە، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی بەئازارە بۆ ئەو دۆخە کارەساتبارەی کە هونەر و ڕۆشنبیری و بەها نیشتمانییەکان تێیکەوتوون. لە کاتێکدا خاتوو نەرمین و هاوڕێ هونەرمەندەکانی بە ساڵان خزمەتیان بەم خاک و نەتەوەیە کردووە و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بوون لە کەلتوور و ناسنامەمان، بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەبێباکی و پشتگوێخستن وەڵام دراونەتەوە.
مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە کە دەبینین لەم هەرێمەدا، فەرشی سوور بۆ “مۆدێل” و “ئینفلۆنسەر”ەکان ڕادەخرێت کە جگە لە سەرئێشە و تێکدانی دابونەریتی جوانی کوردەواری، هیچ بەرهەمێکیان نییە. ئەوان لە یانە شەوانەکاندا دۆلاریان لەژێر پێ دەڕژێنرێت و بە ئۆتۆمبێلی جیکلاس و کردنەوەی بزنسی گرانبەها، چاوی ئەو هونەرمەندانە کوێر دەکەنەوە کە بە هەژاری و حەسرەتەوە ژیان بەسەر دەبەن و مووچە بڕاویشن. بەرپرسان لە پێشوازی ئەوانەدان کە بوونەتە نەعلەت بۆ سەر بەهاکانمان، کەچی هونەرمەندە ڕەسەنەکانمان لە نەخۆشخانەکاندا بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە گیان دەدەن.
تراژیدیای ژیانی خاتوو نەرمین قادر نموونەی زیندووی ئەم واقیعە تاڵەیە. ئەو ژنە تێکۆشەرەی کە لە ساڵی ١٩٧٥ـەوە یەکەم کاری شانۆیی پێشکەش کردووە و دەیان ساڵ خزمەتی کردووە، لە کۆتایی تەمەنیدا مووچەکەی پێ نەدەدرا. بەپێی گێڕانەوەکان، کاتێک کچە تاقانەکەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوای کردووە بۆ وەرگرتنی دەرمانەکانی، پێیان وتووە کە دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانە نەماوە. لە دوا مەنزڵیشیدا، تەرمەکەی بە شێوەیەکی ناشایستە و دوور لە ڕێز، بەدوای ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگرەوە بەڕێکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی تر، گەورەترین ڕێز لە هونەرمەندان و سیمبولە نیشتمانییەکانیان دەگیرێت.
ئێمە وەک ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، ڕووی ڕەخنەی توندی خۆمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەم بێباکی و بێمنەتییەی ئێوە بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەتایبەتی ئەو کەسایەتیانەی کە تەمەنی خۆیان لەپێناو بەرزڕاگرتنی ناوی کورد و کوردستاندا بەخت کردووە، خیانەتە لە مێژوو و قوربانیدانی ئەم گەلە. مردنی هەر هونەرمەندێک بەم شێوەیە، بۆشاییەکی گەورە لە جەستەی کلتووری نەتەوەکەماندا دروست دەکات.
لەکۆتاییدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزی هونەرمەند خاتوو نەرمین قادر و سەرجەم هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەین. لە خوای گەورە داواکارین گیانی پاکی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد
٢٠٢٥/٨/٥
ژیاننامەی هونەرمەند نەرمین قادر:
ـ ساڵی لەدایکبوون: ١٩٦٢، شاری سلێمانی.
ـ یەکەم بەرهەمی شانۆیی: ساڵی ١٩٧٥.
ـ ەزموونی هونەری: نزیکەی نیو سەدە خزمەت لە بواری شانۆ و هونەردا.
ـ دواین ڕۆڵی شانۆیی: ساڵی ١٩٩٨.
ـ کاری دیار: یەکێک بوو لە ئەکتەرە سەرەکی و دیارەکانی بەرنامەی ڕەخنەئامێزی “بەرنامەی بەرنامە” کە بینەرێکی زۆری هەبوو.
ـ کۆچی دوایی: ٥ی ئابی ٢٠٢٥، لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا.