وتار و بابەت

٣ی ئۆکتۆبەر،( ١٩٣٢) بۆ ئێمەی کورد

٣ی ئۆکتۆبەر،( ١٩٣٢) بۆ ئێمەی کورد، ڕۆژی (سەربەخۆیی و نیشتمانی عيڕاق)ە، یــان دەستپێکی داگیرکارییەکی ناوخۆیی دڕندانەتر بوو، کەدەمامکی بەریتانیای فڕێدا و ڕووی ڕاستەقینەی شۆڤێنیزمی عەرەبیی دەرخست؟!! لە فەرهەنگی سیاسی و ویژدانی نەتەوەییماندا، (عێراق) ناوێک نی یە بۆ نیشتمان، بەڵکو مەفهومێکە بۆ زیندانێکی گەورە و قەوارەیەکی سەپێنراوە کە لەسەر ئێسک و پروسکی مافەکانمان و لەسەر بنەمای ئاواتە ژێرپێ خراوەکانمان بونیاد نراوە. هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونی ئەم دەوڵەتە دەستکردە لەسەر نەخشەی کۆڵۆنیاڵیزم، تاکە ستراتیژی نەگۆڕی بەرامبەر بە کورد، سڕینەوەی ناسنامە، داگیرکردنی خاک، و تواندنەوەی بوونی ئێمە بووە لەناو بۆتەیەکی ساختەی عەرەبیدا، بۆیە پرسیارەکە هەر ئەوە نی یە، کە ئایا عێراق نیشتمانی ئێمەیە یان نا؟! بەڵکو حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە کە عێراق هەرگیز نەیویستووە و ناتوانێت ببێت بە نیشتمانی کورد. ئەم قەوارەیە، کە مێژووەکەی زنجیرەیەکە لە خوێنڕشتن و جینۆساید، هەرگیز جێی شانازیی ڕۆڵەیەکی بەشەرەفی ئەم خاکە نەبووە و نابێت. بەبۆچوونی من، شانازیکردن بە عێراقەوە، شانازیکردنە بە ئەنفال و کیمیاباران، بە تەعریب و ڕاگواستن، بە وێرانکردنی هەزاران گوند و بە مەرگی سەدان هەزار ڕۆڵەی بێتاوانی ئەم گەلە. ئەم (شانازی)یە تەنها بۆ ئەو ڕۆحە هەرزانانە بەجێماوە کە لەپێناو بەرژەوەبدی و دەستکەوتی تاکەکەسی و کورسییەکی بێ بەهادا، بوونە داردەستی داگیرکەر و ئەڵقە لەگوێی ستەمکارترین ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا لەژێر ناوی ( عێڕاق )ی سنور بۆ کێشراو. لەڕاستیدا، عێراق جێی شانازیی ئەو (زۆڵە کوردانە)یە کە لەمێژووی خوێناویی ئێمەدا، لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی سنگی براکانیان دەکرد، ئەوانەی کە بوونە چاوساغ و پێشڕەوی سوپای دوژمن بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانمان! ئەوانەی دەستیان لە تاوانی ئەنفال و داگیرکردنی کوردستاندا سوور بوو بەخوێن. عێراق شانازیی جاشەکانی ٦٦ و خۆفرۆشانی ٣١ی ئابە!شانازیی ئەو عەقڵییەتەیە کە لە کاتێکدا بانگەشەی سەربەخۆیی دەکات، لەولاوەش لەسەر کورسییەکی بێ ئیرادەی سەرۆک کۆماریی هەمان ئەو دەوڵەتە، شەڕی مان و نەمانی خۆی دەکات. بۆیە با ڕاشکاوانە بیڵێین: عێراق نیشتمانی ئەوانەیە، نەک ئێمە، ئێمە میراتگریڕووبارێک خوێنین کە لەپێناوی کوردستان بۆتە قوربانی نەک عێڕاقێکی بنیادنراو لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئێمە میراتگری خوێنی شەهیدانی شۆڕش و قوربانیانی جینۆسایدین. ناسنامەی ئێمە بەندە بەچیا سەرکەشەکانی کوردستان و لە خۆڕاگریی گەلەکەماندا ڕەگی داکوتاوە، نەک لە مۆری دەوڵەتێکدا کە بوونی ئێمەی پێ هەزم ناکرێت. بۆیە تا ئەو ڕۆژەی ئەم خاکە لەژێر سایەی ئاڵای خۆیدا ئازادانە هەناسە نادات، (عێراق)بۆ ئێمەی کورد، تەنها وەک سیمبولی داگیرکاری و ستەم دەمێنێتەوە. تێبینی ، ئەمڕۆ، ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، لە کاتێکدا داگیرکەران ناوی لێناوە (ڕۆژی نیشتمانیی عێراق و باسی سەروەری) و “سەربەخۆیی” لە کۆمەڵەی گەلان(عصبة الأمم) سبة الأمم دەکەن، ئێمە وەک کورد ئەم ڕۆژە تەنها وەک ساڵیادی مۆرکردنی بەڵگەنامەی کۆیلایەتییەکی نوێ دەبینین. ئەو “سەربەخۆییە”ی ئەوان جەژنی بۆ دەگێڕن، بۆ ئێمە دەستپێکی داگیرکارییەکی ناوخۆیی دڕندانەتر بوو کە دەمامکی بەریتانیای فڕێ دا و ڕووی ڕاستەقینەی شۆڤێنیزمی عەرەبیی دەرخست. لێرەوە، من وەک تاکێکی کورد، نەک هەر دان بەم ڕۆژەدا نانێم وەک ڕۆژێکی نیشتمانی، بەڵکو لە بنەڕەتدا خۆم وەک بەشێک لەم قەوارە سیاسییە ناسروشتییە نابینمەوە. ناسنامەی من لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، جوگرافی، و کولتووریی تایبەت بە خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت. (خاکم، زمانم، کولتوور و دابونەریتم) ئەرز و ئاسمان لەگەڵ ئەو چەمکە سەپێنراوەی ناوی عێراقە جیاوازە. ئەم جیاوازییە تەنها سنوورێکی سیاسی نییە، بەڵکو جیاوازییەکی وجودییە؛ جیاوازی نێوان دوو جیهانبینی، دوو یادەوەری و دوو چارەنووسی لێکجودایە. بۆیە تا ئەو ساتەی کوردستان وەک بوونێکی سەربەخۆ لەسەر نەخشەی جیهان نەدرەوشێتەوە، ٣ی ئۆکتۆبەر بۆ ئێمە تەنها سیمبولی بەردەوامیی ئەو ستەمە مێژووی یەیە… — ئاراس بلباس—-

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button