نامەیەک لە دڵێکی شکاوەوە
لە چەمچەماڵ کوردێک بەناوی (عاصي مصطفی احمد) ناوی وەک سەربازی یەدەگ لە خزمەتی سەربازی دێتەوە، بەڵام لە ٢٧ی٢ی ١٩٨٢ بە دیلیی دەکەوێتە دەستی سوپای ئێران.
دوای ٨ ساڵ ئەسیری لە زیندانی ئێران، لە ٢٤ی٨ی١٩٩٠ لە گۆڕینەوەی دیلەکان، ئازاد دەکرێ و دەگەڕێتەوە بۆ چەمچەماڵ.
کاتێک دێتەوە ماڵەوە، سەیرەکات خێزان و ژن و منداڵەکەی دیار نەماون، دواتر پێی دەڵێن خێزان و مناڵ و کەسوکارت ئەنفالکراون!
مصطفی نامەیەک بۆ سەددام دەنوسێ، لەنامەکەیدا دەنوسێ:
سەید رەئیس قائید مهیب الرکن خوا بتپارێزێ، من وەک هاوڕێیەکی بەعسیی و سەربازێکی بەشدار لە جەنگی قادسیەی مەزن، لە بەرواری ٢٧/٢/١٩٨٢ بەدیلی کەوتمە دەست دوژمن و لە ٢٤. ٨. ١٩٩٠ لە گۆڕینەوەی دیلەکان ئازادکرام، کاتێک ئازاد کرام خاکی نیشتیمانم ماچکرد و لەبەرامبەر وێنەی سەرۆکدا چەمامەوە. دڵم خۆشبوو بۆ بینینی خێزانەکەم و پێموابوو ئەوانیش هەر ئاوا دڵخۆشن و چاوەڕێی من دەکەن، بەڵام کاتێک گەڕامەوە بەداخەوە تووشی نائومێدی بووم بەوەی پێیان وتم خێزانەکەم بەدیلی کەوتۆتە دەست هێزەکانی ئەنفال.
خێزانەکەم ئەمانەن:
١. عزیمە علی احمد هاوسەرم موالید ٥٥
٢. چرۆ عاصی مصطفی موالید ٧٩ کچەکەم
٣. فریدون عاصی مصطفی کورەکەم موالید ٨١
٤. روخۆش عاصی موالید ١٩٨٢ کچەکەم
بەم نامەیە داواتان لێدەکەم چارەنووسی خێزانەکەم دیاری بکەن چیان لێ بەسەرهاتووە. ئیتر ئیمزای کردووە و ناردویەتی بۆ نوسینگەی سەرۆک کۆمار.
بەعس لە ٢١ی١٠ی ١٩٩٠ وەڵامی نامەکەیان داوەتەوە و بەنامەیەک دڵنیایان کردۆتەوە کە هەواڵەکە ڕاستە و خێزانەکەی لە شاڵاوی ئەنفالدا (بێسەروشوێن)ن.
………………………………………
سەربازی بۆ عەرەب بکەی و خۆتی بۆ بەکوشت بدەی و تەمەنت لە زیندان بۆخاتری سەرۆک سەرف بکەی، دواتر لەبەرامبەر وێنەی سەرۆکدا بچەمێیتەوە و دوعای بۆ بکەیت، کەچی هەموو ئەمانە نەتوانن ڕێگری بکەن لەوەی خێزانەکەت ئەنفال بکرێت.
چ میللەتێک بەقەی کورد دڵسافە؟! چاوەڕوانی چیتر لەعەرەب ئەکەی؟


