نامەیەکی بۆ وەزیری پەروەردە:
دوای سڵاو
هەواڵی خوێندنی ئارەزوومەندانەی وانەی «زمانی کوردی» پۆلی دوانزە، تووشی شۆکی کردم!ئاخر لەسەد ساڵی ڕابردوودا تاکە شتێک نەیهێشتوە نەتەوە بندەستەکەمان لەناوبچێت، زمان و کولتورەکەی بووە، ئیدی نازانم ئەم بڕیارەی جەنابت چ ئامانج و ستراتیژێکی هەیە؟
جەنابی وەزیر، دەپرسم لە چ وڵاتێکدا زمانی دایک دەبێتە ئارەزومەندانەو زمانی بێگانە، دەبێتە زۆرەملێ؟ ئایا دەزانیت زمان بۆ ئێمە، شوناس و ناسنامەیە، نەک وانەی پەراوێزو فەرامۆشکراوی قوتابخانە و پەروەردە.
نازانم ئایا بڕیارەکەت جێبەجێدەبێت یان نا؟ ئەوەی گومانی لادرووستکردووم، سەرەڕای ئەو ناڕەزاییە فراوانەی دژ بەم بڕیارری جەنابت، تا هەنووکە بێدەنگیت هەڵبژاردووە.
ئەوەی ئەم چەند ساڵە من لەدوورەوە چاودێریی هەنگاوەکانت دەکەم، دەزانم خەونت هەیە ڕیفۆرمێک لەبواری پەروەردەدا بکەیت، بەڵام ئاڵەنگارییەکانیش کەم نین، چونکە بە بێ ڕیفۆرم لەبوارەکانی تری کۆمەڵگە، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لەسیستەمی پەروەردە مەحاڵە!
🔳کامەران سوبحان

