مەراسیمێکی شکۆدار: ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد پێشوازی لە نوێنەری پادشا چارلز دەکات و پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادەدات.
بەریتانیا – بێرمینگهام
لە مەراسیمێکی تایبەت و شکۆداردا، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO) شانازیی میوانداریکردنی بۆنەیەکی کلتووریی پایەبەرزی هەبوو، کە تێیدا پێشوازییەکی گەرمی لە بەڕێز دێریک ئەندەرسۆن (Derrick Anderson CBE)، Lord-Lieutenant وەک نوێنەری تایبەتی خاوەن شکۆ پادشا چارلز، و شاندی یاوەری کرد. ئەم ڕۆژە وەک وێستگەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کار و چالاکییەکانماندا تۆمار دەکرێت.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکان و دۆست و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەشێکی گرنگ لە کلتوور و هونەری نەتەوەکەمان نمایش کرا.
ـــ. وتاری بەخێرهاتن و پەیامی ئاشتی:
مەراسیمەکە بە وتارێکی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز ئاوات مستەفا، بە ناوی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردەوە دەستی پێکرد. لە وتارەکەیدا، وێڕای بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانەکان، پەیامێکی سەرنجڕاکێشی بە ناوی گەلی کوردەوە پێشکەش کرد. تێیدا ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی کورد و شانشینی یەکگرتوو و ڕۆڵی گرنگی بەریتانیا لە شەڕی دژی داعشدا کرد. هەروەها جەختی لەسەر پرسی ئاشتی و پشتیوانی بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
ـــ ووتاری نوێنەری پادشا و پەردەلادان لەسەر پەیکەری پادشا چارلز:
دواتر، بەڕێز دێریک ئەندەرسۆن وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی ڕۆڵی ڕێکخراوەکەمانی کرد و ئەم پێشوازییە گەرمەی بەرز نرخاند. خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەم مەراسیمەدا لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا کۆدەبێتەوە و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی کورد لە شانشینی یەکگرتوو و بایەخی پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەکان کرد. پاشان، لە ساتێکی مێژووییدا، بەڕێزیان پەردەیان لەسەر پەیکەری خاوەن شکۆ پادشا چارلز لادا و سەرسامیی خۆیان بۆ جوانیی پەیکەرەکە و دەستڕەنگینیی هونەرمەند بەرزان شازە دەربڕی.
ـــ ڕێزلێنان و سوپاسگوزاری:
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، بەڕێز گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی ئەم سەردانە مێژووییەی نوێنەری پادشای کرد. وەک نیشانەی ڕێز و پێزانین، چەندین دیاریی تایبەت و بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە بەڕێز دێریک ئەندەرسۆن و شاندی یاوەری کرا، وەک هێمایەک بۆ پتەوکردنی پردی پەیوەندیی کلتووری لەنێوان گەلی کورد و شانشینی یەکگرتوودا.
بۆنەکە بە خوانێکی نیوەڕۆی شایستە و چەندین نمایشی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی ڕازێنرایەوە، کە لەلایەن هونەرمەندانی بەتواناوە پێشکەش کران و ئامادەبووانیان بردە جیهانێکی پڕ لە هەست و جوانی. بەڕێز ئەندەرسۆن سەرسامیی خۆی بۆ خواردنی کوردی دەربڕی.
ـــ پێزانین و سوپاس:
دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی KCO سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکاربوون لە سەرخستنی ئەم مەراسیمەدا:
– کۆمپانیای شاپۆست (Shapost): سوپاس بۆ بەڕێز کاژاو بۆ هاوکاری و پشتیوانی بەنرخیان.
– هونەرمەندان و مۆسیقاژەنان: سوپاس بۆ گروپی یەکەم: زیرەک ژێدار، شاکۆ بەکر، و هەرێم دەف ژەن. هەروەها گروپی ڕۆژا نوو: لوقمان سێڤێ زەر و ئیمراک ئەقبال، کە بە هونەرەکەیان ڕۆحێکی دیکەیان بە بۆنەکە بەخشی.
ـــ تیمی تەکنیکی و میدیایی: پێزانینمان بۆ ماندووبوونی کاک پاشا دی جەی (ئەندازیاری دەنگ)، و وێنەگران: هێمن عەبدولڕەحمان، توانا (پەیامنێری کوردسات)، و شێموز نادر (کەناڵی BK4).
ـــ تیمی ڕێکخستن و ئامادەکاری: سوپاسێکی زۆر بۆ خاتوو ژینۆ ئەحمەد و کاک هێمن بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە ڕێکخستنی مەراسیمەکە و ئامادەکردنی خوان.
ـــ تیمی ئاسایش:
ـــ سوپاس بۆ ئەندامانی ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی و بۆ تیمی ئاسایشی بۆنەکە گێڕانی ڕۆڵە گرنگەکەیان.
لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو ئەو میوانە ئازیزانە دەکەین کە بە ئامادەبوونیان بۆنەکەیان ڕازاندەوە و هانیان داین بۆ کاری گەورەتر. ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد جەخت دەکاتەوە کە وەک ڕێکخراوێکی بێلایەن، هەمیشە ماڵی گشتیی سەرجەم کوردانی بەریتانیا و ڕێکخراوە کوردییەکان دەبێت و دەرگای کراوە دەبێت بۆ هەموو چالاکییەکی کلتووری و نیشتمانی.
ئەنجومەنی باڵای
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO)
٢٢ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥

