لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییە بەردەوامەکانیدا و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی نەخۆشانی دەروونی و تێکەڵکردنیان بە کەشێکی پڕ لە میهرەبانی، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٤/٥، چالاکییەکی مرۆیی و کلتووریی فراوانی لە نەخۆشخانەی “سۆزی دەروونی” بۆ کۆمەڵێک لە پەپوولە و ئازیزانی ئەو ناوەندە ڕێکخست.
ئەم دەستپێشخەرییە کە بریتی بوو لە سازکردنی کۆڕێکی گۆرانی و موزیک و ئامادەکردنی خوانێکی نیوەڕۆ، ئامانج لێی دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامە بوو کە کاری خۆبەخشی و مرۆڤدۆستانە، کۆڵەکەی سەرەکیی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان و پێشخستنی ڕەهەندی مرۆییە لە نێو کۆمەڵگادا. ڕێکخراوەکەمان بڕوای تەواوی بەوە هەیە کە پشتگیریکردنی ئەم توێژە تایبەتە، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە.
وەفاداری و سوپاسگوزاری: سەرکەوتنی ئەم کارە هاوبەشە، بەرهەمی دڵسۆزیی کۆمەڵێک خەمخۆر بوو، کە لێرەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانی ڕێکخراو ئاراستەی ئەم بەڕێزانە دەکەین:
-
لە کەرتی هونەریدا: سوپاسی بێپایان بۆ هونەرمەندان (ئێحسان زیرەک) و (قارەمان ڕۆژهەڵاتی) و موزیکژەن (کاک ڕزگار) کە بە دەنگ و ئاوازە ڕەسەنەکانیان کاتێکی پڕ لە شادییان بۆ ئازیزانی نەخۆشخانەکە خوڵقاند.
-
لە کەرتی مرۆیی و سپۆنسەریدا: سوپاسی تایبەت بۆ بەڕێز (ئیبراهیم قادر)، برای خانمی تێکۆشەر (نیشتیمان قادر) – ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکەمان، کە ئەرکی دابینکردنی سپۆنسەری خوانی نیوەڕۆکەی لە ئەستۆ گرت.
-
لە کەرتی کارگێڕی و تەکنیکیدا: دەستخۆشی بۆ بەڕێوەبەر و سەرجەم ستاف و کارمەندانی ماندوونەناسی “نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی”. هەروەها سوپاس بۆ بەڕێزان (تایەر غولامی) و (کارۆ) بۆ دیکۆمێنتکردنی ساتەکان و گرتنی وێنەکان.
-
ئەندامان و میوانان: سوپاس بۆ سەرجەم ئەندامانی دڵسۆزی ڕێکخراو و ئەو میوانە ئازیزانەی بە ئامادەبوونیان پاڵپشتێکی گەورە بوون بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە کاروانە مرۆییەکەی و هیوادارە ئەم جۆرە دەستپێشخەریانە ببنە هاندەر بۆ سەرجەم ڕێکخراوەکانی تر، تا پێکەوە سێبەری میهرەبانی بۆ هەموو ئەو چینانە درێژ بکەین کە پێویستیان بە پشتیوانی هەیە.
ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا ٧ی نیسانی ٢٠٢٦















