وتار و بابەت

لە شاری “نالی” یەوە ەوە بۆ شاری “مۆدێلەکان”؛ کێ دەستبژێری ڕاستەقینەی ئەمڕۆیە؟

نووسینی بابه‌ت: د. دڵشاد مستەفا
شاری سلێمانی، کە مێژووییەکی پڕ لە شکۆی هەیە وەک “پایتەختی ڕۆشنبیری”، هەمیشە شوێنی پێگەیشتنی نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان و بیرمەندانی گەورە بووە. جاران ئەگەر باس لە “دەستبژێری کۆمەڵگا” بکرایە، ڕاستەوخۆ مێشکمان دەچوو بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەنی پڕۆژەیەکی مەعریفی، ئەدەبی یان سیاسی بوون. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی گشتیی ئەم شارەدا دەگوزەرێت، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تێپەڕاندنی هەموو بەها فەرهەنگییەکان.
ئەمڕۆ لە هەموو بۆنەیەکدا، لە کردنەوەی چێشتخانەیەکی بچووکەوە تا دەگاتە فێستیڤاڵە فەرمییەکان، دەبینین ڕیزێک لە “کچە مۆدێل”، “تیکتۆکەر” و “میدیاکاری تازە هەڵکفاو” لە ڕیزی پێشەوەی میوانەکانن. ئەم تاقمە کە زۆرجار بە “سەیر و سەمەرە” ناودەبرێن، بوونەتە ڕووکاری شار و وەک دەستبژێر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کێ ئەم پێوەرانەی گۆڕی؟ بۆچی “لایك” و “ڤیو” بوونە جێگرەوەی “فیکر” و “داهێنان”؟

گۆڕانی پێوەری دەستبژێری:

جاران نووسەران و هونەرمەندان بەهۆی بەرهەمەکانیانەوە دەناسرانەوە، ئەوان ویژدانی زیندووی کۆمەڵگا بوون. بەڵام ئێستا کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم شەپۆلێکی “نمایش”دایە. هەر کەسێک بتوانێت بە جلی ڕەنگاوڕەنگ، قسەی بێمانا و ژیانێکی مۆدێرنی ساختە سەرنجی سۆشیاڵ میدیا ڕابکێشێت، دەبێتە میوانی ڕێزلێگیراوی ناوەندەکان. ئەمە شکاندنی شکۆی مەعریفەیە لەبەرپێی بازاڕدا. بەبەرچاوی هەموومانەوە هەندێک پاڵەوانی عاشق بە شۆ پێشەوە دەگرن و ئیدی وەک دۆن کیشۆت بە شمشێرەکانیان شەڕ لەگەڵ هەوای پاکی و بێگەردی دەکەن و زۆرینەش بێ دەنگن ..

کاتژمێری “بازرگانی” و ونبوونی “فەرهەنگ”:

ئەمڕۆ زۆربەی بازرگانان و خاوەن کارەکان بۆ بانگەشەی کاڵاکانیان، پەنا بۆ ئەم مۆدێلانە دەبەن. لای ئەوان گرنگ نییە کێ بانگهێشت دەکرێت، گرنگ ئەوەیە کێ زۆرترین بینەری هەیە. کاتێک جێشتخانەیەک یان ناوەندێکی بازرگانی مۆدێلێک لە نووسەرێکی گەورە بە گرنگتر دەزانێت، ئەوە پەیامێکی تاڵە بۆ نەوەی نوێ؛ کە “خوێندن و زانست و هونەر قیمەتی نییە، تەنها مۆدێلبوون و نمایشکردن دەتگەیەنێتە ڕیزی پێشەوە”.

پاشەکشەی ڕۆشنبیران:

لەبەرامبەر ئەم تەمومژەدا، نووسەران و هونەرمەندانی ڕاستەقینە پەراوێز خراون، یان خۆیان گۆشەگیرییان هەڵبژاردووە. کاتێک میدیا و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بازاڕ، هەموویان پێکەوە کار بۆ گەورەکردنی خەڵکی بێناوەڕۆک دەکەن، شوێنێک بۆ دەنگی ڕەسەن نامێنێتەوە. ئەمە وای کردووە “دەستبژێری مۆدێل” ببێتە جێگرەوەی “دەستبژێری عەقڵ”.

دواجار :
سلێمانی پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتی خۆی. نابێت ڕێگە بدرێت چەمکی “ڕۆشنبیری” و “دەستبژێر” بەم شێوەیە سووک بکرێت. کۆمەڵگایەک کە مۆدێلەکان و پۆپۆلیستەکانی سۆشیاڵ میدیا ڕێبەرایەتی زەوق و فیکری بکەن، کۆمەڵگایەکی سەرگەردانە. پێویستە ناوەندە فەرمییەکان و میدیا ڕەسەنەکان پێداچوونەوە بە مامەڵەی خۆیاندا بکەن و چیتر ڕێگە نەدەن “سەیر و سەمەرەکان” جێگەی “مەزنەکان” بگرنەوە. دەستبژێری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە خەمێکی مرۆیی، نیشتمانی و فەرهەنگی و مەعریفی هەیە، نەک ئەو کەسەی تەنها بۆ چەند “لایک”ێک هەموو پیرۆزییەکانی شار دەخاتە ناو جەنجاڵی نمایشەوە.

Dlshad mstafa

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button