UK NEWSپەروەردەییفەرهەنگ و کەلتوورمێژوو جوگرافیاهەواڵوتار و بابەت

لەپشت گوتار و دروشمی “خۆڕاگری” و “چاکسازی” سەرکردەکانی دەستەڵاتدا، چی حەشار دراوە؟

نووسینی: ئاراس بلباس

لە قەیرانەوە بۆ تاڵانکاری سیستماتیک:
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا گوزەر دەکات، بە هەڵە ناوی لێنراوە (قەیران)، چونکە قەیران دۆخێکی کاتی و دەرەکییە، بەڵام ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین، دۆخێکی هەمیشەیی و بەردەوامە، ئاراستەیەکی سیاسییە کە بەوردی دیزاین کراوە بۆ تاڵانکاری سیستماتیکی سامانی گشتی و بێ هێزکردنی ئیرادەی کۆمەڵگاکەمان. دۆخەکە هێندە قێزەونە کە هاووڵاتی ناچار دەکرێت بە چاوی خۆی بینەری ئەو تراژیدیایە بێت کە لەدەرهێنانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداردایە.

ئەم دۆخە دەری دەخات کە ئێمە تەنها لەبەردەم کێشەیەکی ئابووریی سەختدا نین، بەڵکو لەبەردەم پرۆسەیەکی مەترسیداری بەتاڵکردنەوەی چەمکی (نیشتمان) و (هاووڵاتی بوون) داین.

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لەڕێگەی ململانێی بێکۆتایان لەسەر داهات و پۆست، سەرجەم کایە گشتی یەکانیان لەخزمەتگوزاری یەوە گۆڕیوە بۆ کەرەستەی شەڕی سیاسی. مووچەی فەرمانبەر، کە مافێکی سەرەتایی و یاسایی موچەخۆرانە، کراوەتە کارتی فشار لە ململانێی نێوان هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەغدا دا، و ژیانی خەڵکیش بووەتە سووتەمەنی ئەو شەڕەی کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی نی یە، جگە لە قووڵکردنەوەی برینەکان..

هاوکات، گوتاری سیاسیی پارتی و یەکێتی گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار لە بەتاڵکردنەوەی مەفهومی. وشەی (خۆڕاگری) لە دەمی بەرپرسێکی تێرەوە ئاراستەی گەلێکی برسی دەکرێت، (چاکسازی) بووەتە پاساوێک بۆ برسی کردنی خەڵک نەک باشترکردنی ژیانیان، و (بەرژەوەندیی نیشتمانی) بووەتە دروشمێک بۆ داپۆشینی بەرژەوەندی یە تەسکەکانی حیزب و بنەماڵە، ئەمەش جۆرێکە لەتوندوتیژیی دەروونی و فیزیکی و کەمتر نی یە لەئەشکەنجەی جەستەیی، چونکە ورەی کۆمەڵگە دەڕووخێنێت و بەهاکان لە ناوەڕۆک بەتاڵ دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەڵامی دەسەڵات بۆ هەر دەنگێکی ناڕازی، کاردانەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە و توندوتیژانەیە. کاتێک مامۆستا و فەرمانبەرێک داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک (تێکدەر و دوژمن) وێنا دەکرێن!! ئەمە گەورەترین تاوانە بەرامبەر بە پەروەردەکارانی نەوەکانمان و نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەم دەسەڵاتە هیچ بایەخێکی بۆ بەها مرۆیی یەکان نەماوە، تەنها بەرژەوەندیی تایبەتی و مانەوەی خۆیانی لا گرنگە. لۆژیکی دەسەڵات لێرەدا ڕوونە: هەر دەنگێک لە دەرەوەی بازنەی ملکەچ بوونیانەوە بێت، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شەرعیەتە دزراوەکەیان دەیبینن و بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەوڵی کپکردنەوەی دەدەن.

لە کۆتاییدا، کێشەکە تەنها لە خودی مووچەدا نی یە، بەڵکو لەو عەقڵیەتە دایە کە مووچە وەک چەک بەکاردەهێنێت. چارەسەریش تەنها بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، بەخۆداچوونەوەی تاکەکان لە سۆزی حیزبایەتیاندا بۆ ئەم دوو هێز و لایەنە، و تێپەڕاندنی ئەم مۆدێلە شکست خواردوەی حوکمڕانی یە دەبێت، کە زیاتر لە ٣٤ ساڵە ئەو دوو حیزبەی دەستەڵات پەیڕەوی دەکەن و جگە لە ماڵوێرانی، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button