شاندێکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد سەردانی کەسایەتیی تێکۆشەر (کەریم ڕەحیمی)یان کرد

وەک ئەرکێکی پیشەیی و نیشتمانی و لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی کەسایەتییە تێکۆشەر و ڕۆشنبیرەکاندا، شاندێکی باڵای ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، سەردانی تێکۆشەری دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ــ شاری مەریوان ، بەڕێز(کەریم ڕەحیمی) و خاتوو مەعسومەی هاوسەری بەڕێزیان و تەواوی خانەوادە تێکۆشەرەکەیانیان لە شاری لیستەری وڵاتی بەریتانیا کرد.
شاندەکە پێکهاتبوون لە بەڕێزان گۆڤە ئەحمەد سەرۆکی ڕێکخراو، ئاراس بڵباس سکرتێری ڕێکخراو، بابەکر دڕەیی بەرپرسی ئەنجومەنی باڵا، مامۆستا بەکر ماوەتی بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵایەتی، و بارزان شازە بەرپرسی ناوەندی هونەری. هەروەها بەڕێز مامۆستا سدیق پورەخان یاوەریی شاندەکەی دەکرد.
شاندەکە لەلایەن بەڕێز کاک کەریم ڕەحیمی، خاتوو مەعسومەی هاوسەری، و تەواوی ئەندامانی خانەوادە بەڕێزەکەیانەوە پێشوازییەکی گەرم و کوردەوارییانەیان لێکرا. لە دیدارەکەدا، وێڕای ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستیی کاک کەریم، گفتوگۆیەکی گەرم و پڕ لە هەستی نیشتمانی دەربارەی دۆخی گشتی و یادەوەرییەکانی خەبات و قوربانیدان لەپێناو کوردستاندا ئەنجام درا. شاندەکە ڕێز و پێزانینی بێپایانی خۆیان بۆ کەسایەتیی بەرزی نیشتمانپەروەرانەی بەڕێزیان و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی دووپات کردەوە.
لە کۆتاییدا، شاندی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، سوپاسی گەرمی خۆیان ئاراستەی بەڕێز کاک کەریم، خاتوو مەعسومەی خان و سەرجەم ئەندامانی خانەوادە بەڕێزەکەیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە ڕەسەنە، کە نیشانەی خەسڵەتی بەرزی کوردەواری و ڕێزگرتنیان بوو. هەروەها بە ناوی تەواوی ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە، هیوای لەشساغی و تەمەنێکی پڕ لە کامەرانییان بۆ بەڕێز کاک کەریم و خانەوادە خۆشەویستەکەیان خواست، کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکار بوون.