سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە وەزیری پەروەردە دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد و شاندێکی یاوەری سەردانی بەڕێز ئالان حەمە سعید صالح محمد، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆیان ئەنجام دا.
شاندی ڕێکخراو کە لە سەرۆکی ڕێکخراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی هەریەک لە محمد عەلی بەرپرسی ئەوروپا (شێخ دارا) خاتوو شانۆ و چەند کەسی دیکە پێکهاتبوو، لە لایەن وەزیری پەروەردەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا بە قووڵی گفتوگۆیان لەسەر دۆخی پەروەردە و پرۆسەی فێرکردن لە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و ئەوروپا کرد، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی سیستەمی خوێندن و ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە کرد.
وەزیری پەروەردە ستایشی ڕۆڵی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کرد و گرنگی هەوڵەکانیان لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بەرز نرخاند و وتی: “ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشخستنی بیری پەروەردەیی و ڕۆشنبیری هەیە”.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی ڕێکخراو خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ڕێکخراوی پێشکەش بە وەزیری پەروەردە کرد، وەک دانپێنانێک بە خزمەتە بەردەوام و بەرچاوەکانی لە بواری پەروەردەدا.
لە بەرامبەردا، بەڕێز وەزیری پەروەردە سوپاسی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردی کرد و بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی دا لەگەڵ ڕێکخراو بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان.
جێی باسە کە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد چەندین چالاکی کەلتووری و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی گرنگی ئەنجام داوە و بەردەوامیش لە هەوڵدایە بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و فێرکردن لە کوردستان.
و ئەوروپا و بەریتانیا