سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بەریتانیا سەردانی دەزگای میدیایی درەو( محمد رەئوف )دەکات .
لە بەرواری ئمڕۆ دوو شەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٥، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیا و ئەندامانی ئەنومەنی بالا سەردانێکی فەرمی بۆ بارەگای سەرەکی دەزگای میدیایی درەو ئەنجامدا. لە میانەی ئەم سەردانەدا، سەرۆکی ڕێکخراوەکە لەلایەن بەڕێز محمد ڕەئوف، سەرۆکی دامەزراوەی میدیای درەو بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و تایبەت بەڕێوەچوو، هەردوو لایەن گفتوگۆیەکی قووڵ و فراوانیان دەربارەی بارودۆخی کاری ڕۆژنامەوانی، گرنگی ڕاگەیاندن و ڕۆڵی میدیا لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەنجامدا. هەروەها، دوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی هاوکاری و پشتگیری نێوان دامەزراوە کوردییەکان لە دەرەوەی وڵات کردەوە.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە دەزگای میدیایی درەو بەرێز کاک محمد رەئوف پێشکەشی دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کەلتوور و زمانی کوردی . لەلایەکی ترەوە، بەڕێز محمد ڕەئوف ئاماژەی بە گرنگی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیا کرد و باسی لە گرنگی دەستکەوتەکانی ئەو ڕێکخراوە کرد لە بواری پاراستنی ناسنامەی کوردی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
هەردوو لایەن ڕێککەوتن لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی کردارەکی بۆ هاوکاری نێوانیان لە داهاتوودا، کە چەندین پڕۆژەی هاوبەشی ڕۆشنبیری و میدیایی دەگرێتەوە. هەروەها لایەنەکان جەختیان لەسەر گرنگی ڕۆڵی میدیا لە پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی و ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان کردەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکی فەرمی دێت کە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد – بەریتانیا ئەنجامی دەدات .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن هیوای بەردەوامبوونی ئەم جۆرە دیدارانەیان خواست و جەختیان لەسەر گرنگی کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد کردەوە.