UK NEWSپەروەردەییپەنابەرانچالاکیڕاپۆرتڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستهەواڵ

سکرتێری ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، پەرلەمانی بەریتانیا لە قەیرانی موچەی مامۆستا و فەرمانبەران و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، ئاگادار دەکاتەوە.

بەڕێز ئاراس بڵباس، سکرتێری ڕێکخراوەکەمان پەرلەمانی بەریتانیا لە قەیرانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە؛ مایک وود بەڵێنی بەدواداچوون دەدات.

بەریتانیا:

لەژێر کاریگەریی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مرۆیی، و بە پەرۆشییەکی قووڵەوە بۆ دۆخی دارایی نالەبار و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، و لەبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لەبەریتانیا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە. لەم چوارچێوەیەدا،

سکرتێری ڕێکخراوەکەمان، بەڕێز (ئاراس بلباس) لەمانگی تەممووزی ڕابردوو نامەیەکی فەرمی ئاراستەی بەڕێز (مایک وود)، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا کرد. ئامانجی نامەکەمان ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانی بەریتانیا بوو لە بارودۆخی سیاسی و مرۆیی ئاڵۆزی هەرێم، و داواکردنی دەستوەردانی بەپەلە و فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.

لە نامەکەدا، ڕێکخراوەکەمان نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی نالەباری گوزەرانی سەدان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و خێزانەکانیان کە ماوەی چەندین مانگە بەهۆی نەبوونی مووچەکانیانەوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە. ئاماژەمان بەوەش کردووە کە سەرەڕای چەندین گەڕی دانوستان و کۆبوونەوەی بەرچاو لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم، کێشەی مووچە هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

پاش ناردنی نامەکە، بەڕێز مایک وود، پەرلەمانتاری بەریتانیا، بە وەڵامێکی کورت و ڕوون هاتە دەنگ. بەڕێزیان سوپاسگوزاریی خۆی بۆ سەرنج و نیگەرانییەکانی ڕێکخراوەکەمان دەربڕی و نیگەرانی خۆی دەربارەی دۆخەکە دووپاتکردەوە. هەروەها بەڵێنی داوە لە پەرلەمانی بەریتانیا کاری جددی لەسەر ئەم بابەتە گرنگە بکات بۆ فشارخستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و هەولێر، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی و پاراستنی ماف و گوزەرانی شایستەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەنگاوەی ڕێکخراوەکەمان، وەک بەشێک دێت لە هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە دەرەوە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و هاندانی وڵاتانی دۆست بۆ دەستوەردانێکی کاریگەر و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەتایبەتی کاتێک چارەسەر لە ئاستی ناوخۆدا بە دوا دەکەوێت و هاوڵاتییان باجەکەی دەدەن.

بە هیوای چارەسەرێکی نزیک و گەڕانەوەی ئارامی و مافی شایستە بۆ هاوڵاتییانی خۆشەویستمان.

 

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button