UK NEWSهەواڵهونەر و ڕۆشنبیری

دوای ٢٩ ساڵ، گۆڕی هونەرمەند ناسراوی کورد ئایشە شان بۆ زێدی خۆی لە دیاربەکر گواسترایەوە

ڕۆژی شەممە، ٦/۱۸ /۲٠۲٥، مەراسیمێکی تایبەت بۆ بەخاکسپاردنەوەی ڕوفاتیهونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان ( ئایشە شان) لە گۆڕستانی یەنی کۆی دیاربەکر بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا، جگە لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ژمارەیەک لە هەوادارانی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هونەرمەندان ئامادەبوون.

ئایشە شان، کە یەکێکە لە ناوە هەرە دیارەکانی مۆسیقای کوردی و نازناوەکانی وەک “ئایشانا کورد”، “عەیشە”، “شاژنی بێ تاج” و “شانا مۆسقیا کوردی” پێبەخشرابوو، لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ لە شاری ئیزمیر بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی دۆغانچای ئەو شارە بەخاک سپێردرابوو.

بەڵام وەسیەتی ئایشە شان ئەوە بوو کە لە زێدی خۆی، دیاربەکر، بەخاک بسپێردرێت. دوای ٢٩ ساڵ، بنەماڵەکەی توانیان ئەم وەسیەتەی جێبەجێ بکەن. ئێسک و پروسکی ئایشە شان لە گۆڕستانی دۆغانچای ئیزمیر دەرهێنرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دیاربەکر.
ڕوفاتی هونەرمەندی کۆچکردوو، ئایشە شان، کە نازناوی “شاژنی بێ تاج”ی پێدرابوو، دوای ٢٩ ساڵ لە کۆچی دوایی، لە شاری ئیزمیرەوە گواسترایەوە بۆ زێدی خۆی، دیاربەکر، و لەوێ بەخاک سپێردرایەوە.

ئایشە شان لە ساڵی ١٩٣٨ لە دیاربەکر لەدایکبووە. لە ژیانی هونەریدا ڕووبەڕووی زۆر کۆسپ و تەگەرە بووەتەوە، بەڵام بە دەنگە بەسۆز و کارە هونەرییە ناوازەکانی توانی ناوی خۆی وەک یەکێک لە سیمبولەکانی مۆسیقای کوردی لە مێژوودا تۆمار بکات. گواستنەوەی گۆڕەکەی بۆ دیاربەکر، وەک ڕێزگرتنێک لە وەسیەت و خەباتی هونەریی ئەو هونەرمەندە مەزنە لێکدەدرێتەوە.

Show More

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button