
نەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی “ئیڤنینگ ستاندارد”ی بەریتانی، ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە کە ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی لە هۆتێلەکانی تایبەت بە داواکارانی مافی پەنابەری نیشتەجێن، بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کۆمپانیا گەورەکانی گەیاندنی خۆراک وەک “ئوبەر ئیتس”، “دیلیڤەروو” و “جەست ئیت” کاردەکەن.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی نایاسایی ئەنجامدراون، چەندین حاڵەتیان لە لەندەنی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی بەریتانیا ئاشکرا کردووە. دەرکەوتووە کە هەندێک لە پەنابەران، کە هێشتا مافی کارکردنیان لە بەریتانیا وەرنەگرتووە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناسنامەی کەسانی دیکە یان هەژماری ساختەوە توانیویانە خۆیان لەم کۆمپانیایانە تۆمار بکەن و کار بکەن.
بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کارکردنی نایاسایی زیان بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت و هەروەها دەبێتە هۆی لاوازکردنی یاساکانی کۆچ و پەنابەری. هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ئەم جۆرە کارکردنە دەکرێت ببێتە هۆی قۆستنەوەی پەنابەران لەلایەن تۆڕە تاوانکارییەکانەوە.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکاندا، چەندین کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەس و لایەنانەی کە ئاسانکاری بۆ ئەم جۆرە کارکردنە نایاساییانە دەکەن. حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە سزای توند چاوەڕێی ئەو خاوەنکار و کۆمپانیایانە دەکات کە بە ئەنقەست کرێکاری نایاسایی دادەمەزرێنن.
هەروەها باس لەوەشکراوە کە فشار خراوەتە سەر کۆمپانیاکانی گەیاندنی خۆراک بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی توندتر بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامە و مافی کارکردنی ئەو کەسانەی کە کاریان بۆ دەکەن، تا ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە.
ئێمە ئاگاداری برا کوردەکانمان دەکەینەوە کە ورد بن لەم وردەکاری و بەدواداچوونانە و هەوڵ بدەن لەکاری نایاسایی بەدووربن.
ئامادەکردنی : ئاراس بلباس