UK NEWS
ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان هەیە تا دوای ١٠ ساڵ ناتوانن داوای رەگەزنامە و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکەن
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا:
ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان هەیە تا دوای ١٠ ساڵ ناتوانن داوای رەگەزنامە و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکەن
مەرجە زمانی ئینگلیزی بزانێت و بەشداری کارای لە ئابووری وڵاتدا هەبێت
کەی ستامەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە داونینگ ستریت بەڵێنیدا پارتی کرێکاران ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دێنە بەریتانیا کەم بکاتەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ستامەر رایگەیاند ئەو کۆچبەرانەی کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا هەیە دەبێت ١٠ ساڵ لەبەریتانیا ژیان بەسەر بەرن ئەوکاتە دەتوانن بە قبوڵکردنی مەرجە توندەکانی زمانی ئینگلیزی و بەشداری کارایان لە ئابووری وڵاتەکەدا داوای رەگەزنامە و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکەن.
کەی ستامەر پلانی پارتی پارێزگارانی بۆ دیاریکردنی ئاستی داهاتی ساڵانەی هێنانی خێزان کە ٣٨ هەزار پاوەند بوو بۆ ڤیزای خێزانی هەڵیپەسارد .
ستامەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە رایگەیاند دەیانەوێت کۆچکردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە، چونکە بەرزبوونەوەی کۆچکردن بەمانای گەشەی ئابووری نایەت، ساڵانی رابردوو دەریانخستووە کە ئەو باوەڕە درۆیە کۆچبەری زیاتر دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری زیاتر.
ستامەر بەڵێنی دا تا هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوو بەشێوەیەکی بەرچاو کۆچی نایاسایی دابەزێنێت، دەڵێت ئەمە بەڵێنێکە و داومە، هەموو بەشەکانی سیستەمی کۆچبەری توندتر دەکەینەوە، بەتایبەتی سیستەمی کۆچبەری (کار، خێزان و خوێندن) توندتر دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی زیاترمان هەبێت.
بەڕێز: توانا عومەر